کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بازاڕیانی کوردستان بەمەبەستی ناڕەزایەتی مانیان گرت

17:11 - 14 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: بازاڕیان و دووکاندارانی شارەکانی سەقز، جوانڕۆ و مەریوان بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە داخستنی سنوورەکان مانیان گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ سێ شەممە ڕێکەوتی ١٤ی خاکەلێوە، بازاڕیان و دووکاندارانی شارەکانی: سەقز، جوانڕۆ و مەریوان بە داخستنی بازاڕ داوای کردنەوەی سنوورەکانیان کرد.

لەم مانگرتنەدا، بازاڕی گەورەی سەقز، بازاڕی سەرۆ، پاساژەکانی عێرفانی، مەولەوی، کوردستان، تەقی زادە، فولادی، ئاهەنی و مرادوەیسی داخراون و دووکاندار و بازاڕییەکان بە شێوەیەکەی هێمنانە لەبەردەم پاساژەکان کۆبوونەتەوە.

بەپێی ئەم هەواڵە بەشێک لەم بازاڕییانە لە پشت قازەخانەدا کۆبوونەتەوە.
هەروەها بازاڕیانی مانگرتووی جوانڕۆ لە بەرانبەر فەرمانداری ئەم شارە کۆبوونەتەوە و داوای پێداچوونەوە لە داواکانیان دەکەن.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٦، دووکاندار و بازاڕیانی پیرانشار و بانە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە داخستنی سنوورەکان مانیان گرت، کە بە هۆی دەستێوەردانی هێزەکانی ئیتلاعات و دروستکردنی فشار لەسەر بازاڕیان مانگرتنەکەیان شکاند.