کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٤ بریندار لە دوابوومەلەرزەی کرماشان

17:17 - 14 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: بومەلەرزەیەکی ٥.٣ ڕیشتری، ناوچەی سەرپێڵی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشانی هەژاند.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، کاتژمێر ٥:٢٥ خولەکی ئێوارە، لە نێوان سەرپێڵی زەهاو، قەسرشیرین و گێڵان، بومەلەرزەیەکی ٥.٣ ڕیشتری لە قووڵایی ٨ کیلومێتری زەوی، پارێزگای کرماشانی هەژاند کە تا ئێستا ٥٤ کەس بریندار بوونە و هەندێک لە بیناکانی ئەو شارانە، تووشی خەسار بوون.

جێگەی ئاماژەیە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەندین ویدیۆ بڵاو بووەتەوە کە نیشان دەدەن لە ناوچەی کەلینەی کەهرەک لە شاخی بازی‌دراز، کە بە هۆی ئەم بوومەلەرزەیە بەشێکی ڕووخاوە.

بەرپرسانی ڕێژیم لەو ناوچانە ڕایانگەیاندووە کە ئەم بومەلەرزەیە خەساری گیانی و ماڵیی نەبووە، بەڵام هەتا ئیستا ڕوون نییە کە کەسێک گیانی لەدەست دابێت و لە لایەکی دیکەشەوە، بیناکانی ئەو ناوچەیە و چەندین ماشین، خەساریان دیتووە.

لە خەزەڵوەری ساڵی ڕابردووەوە هەتا ئیستا زۆرجار بوومەلەرزە، شارەکانی پارێزگای کرماشانی هەژاندووە.

جێگەی ئاماژەیە کە خەڵکی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان، نزیک بە شەش مانگە کە ئاوارە بوون و لەژێر دەوار و کانێکس لە بارودۆخیکی زۆر نالەباردا دەژین؛ بەچەشنێک کە نزیک بە ٧٠ هەزار کەس هەتا ئێستا سەرپەنایان نییە.