کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران هۆشداری دایە ڕێژیم

17:21 - 14 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: سپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا بە نسبەت جیددی بوونی هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، هۆشداری داوەتە ڕێژیم.

سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، ساڵوەگەڕی بەڕێوەچوونی گشتپرسی ساڵی ٥٨، لە دووتۆی ڕاگەیەندراوێکی پڕ لە چەواشەکاری و درۆ و دەلەسەدا، باسی لە کارنامەی درەوشاوەی ڕێژیم، دەسکەوتە مەزنەکان، پێگەی بێوێنەی نێونەتەوەیی، هێژمونی ناوچەیی و توانایی باڵای سەربازی و بەرگری ڕێژیم کردووە و ئەوانەی بە هۆکارەکانی بەخێڵی و دوژمنایەتی وڵاتانی دیکە زانیوە.

سپای پاسداران ڕایگەیاندووە: بە هۆی نفوزی تەبلیغاتی دوژمنان بۆ دروست کردن و خوڵقاندنی کێشەی ئابووری و قەیرانی ژیان، دوورکردنەوەی نەسلی نوێ لە ڕێژیم و هاندانیان بۆ ناڕەزایەتی، ڕەخنە لە هێژمۆنی ناوچەیی ئێمە و هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی بەرجام، ڕێژیم بە تەواوەتی لە بەر مەترسیدایە.

ئەو بنیاتە مافیاییەی ڕێژیم کە بەوە تاوانبارە لە کاروباری وڵاتانی ناوچە دەستێوەردان دەکات، بەئاشکرا لەو ڕاگەیەندراوەدا هۆکاری هەموو کێشە ناوخۆیی و دژایەتییە دەرەکییەکانی بۆ دەسپێڕاگەیشتنی ئێران بە ئارمانە ناوچەیی و جیهانییەکان، ناو بردووە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا، سەران و بەرپرسانی ئامریکایی، ئیسرائیلی و وڵاتانی عەرەبی، بە کەسانی بێ مێشک و کەم عەقڵ، شەڕەنگێز و منداڵ کوژ ناو براون.

دانڵد ترامپ ٢٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی لە پەیامی پیرۆزبایی ساڵی ٩٧دا ڕایگەیاندبوو: بە داخەوە ئەمڕۆ سپای پاسداران نوێنەرایەتی سێ بەڵای ماڵوێرانکەر دەکات: هێزە داگیرکەرەکان، وشکەساڵی و درۆ.