کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی ئیسرائیلی: ئەمساڵ ئەگەری شەڕ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران زۆرە

17:24 - 14 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی ستادی هاوبەشی ئەرتەشی ئیسرائیل، باسی لەوە کردووە کە ئەگەری هەیە ئەمساڵ وڵاتەکەی لەگەل ڕێژیمی ئێران تووشی شەڕ بێت.

ژنڕاڵ گادی ئایزنکوت، بەرپرسی گشتی ستادی هاوبەشی ئەرتەشی ئیسرائیل، لە لێدوانێکدا باسی لەوە کردووە کە ئەگەری ئەوە هەیە ئەمساڵ وڵاتەکەی، لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و سوریە و حیزبوڵای لوبنان، تووشی شەڕ بێت کە وێرانییەکانی ئەو شەڕە بی وێنە دەبێت.

ئەو بەرپرسەی ئیسرائیل، ڕایگەیاندووە کە هەزاران بنکەی گرووپی تێرۆریستی حیزبوڵا شناسایی کراون و لە ئەگەری ڕوودانی ئەو شەڕە دەیان هێزی زەوینی ئەرتەشی ئیسرائیل بە پاڵپشتی هێزەکانی ئاسمانی، دەریایی و ئیتلاعاتی، بەشدار دەبن و ژێرخانەکانی حیزبوڵا و هەموو بنکەکانی وێران دەکەن.

ژنڕاڵ گادی، باسی لەوە کردووە کە لەم بارودۆخەی ناوچەکەدا نیشانەکان هەمووی لەسەر ئەوەن کە شەڕێکی قورس ڕوو دەدات و ئاماژەی بەوە کردووە کە حیزبوڵا لە لوبنان و سوریە هێزیکی زۆری لەدەست داوە و زۆر لاواز بووە.

ململانێیەکانی نێوان ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران چەندین ساڵە بەردەوامە و زۆرجار هەڕشەی هێرشیان لە یەکتر کردووە و لەم چەند ساڵەی دواییدا، بە هۆی دەستێوەردانەکانی ڕێژیم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پاڵپشتی کردنی لە گرووپە تێرۆریستییەکان بە تایبەت حیزبوڵای لوبنان، ئەگەری ئەو شەڕەی زیاتر کردووە.