کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

میلیتاریزە کردنی ڕۆژهەڵات لە لایەن ڕێژیمەوە بەردەوامە

22:18 - 14 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: سپای پاسداران و دەزگای بەدناوی بەسیجی ڕێژیم، بنکەکانی خۆیان لە شار و گوندەکانی کوردستان زیاتر دەکەن.

بە پێی دوایین هەواڵەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەرپرسانی ڕێژیم و بە ناو نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە لە مەجلیسی ڕێژیم و هەروەها فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە سەقز، لەگەڵ دانیشتوانی گوندەکانی:هەرمێدڵ، مام سەیفەدین، حاجی عەبدول، هەنگەچین، شیپانەجۆ، سێفەتاڵە، قامیشەلە وسیانەزار، لە ناوچەی سەرشیوی شاری سەقز چاوپێکەتنیان هەبووە.

لەو سەردانەدا، ئەو بەرپرسانەی ڕێژیم ڕایانگەیاندووە کە سپای پاسداران دەیهەوێت بنکە و پایگای زۆرتر لە گوندەکانی ناوچەی سەرشیو ساز بکات و داوایان لە خەڵک بە تایبەت لاوەکان کردووە کە ببنە ئەندامی بەسیج و هاوکاری سپای پاسداران بکەن.

موحسین بیگلەری، لەو سەردانەدا، بە خەڵکی گووتوە کە بۆ پێشگرتن لە هاتووچوی حیزبە کوردییەکان، ئەو بنکانە دادەمەزرێت و بڕیار وایە کە لە لایەن خەڵکەوە بەڕێوە بچێت.

ڕێژیمی ئێران هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی دەسەڵاتی لە سەرانسەری ئێران بە تایبەت لە کوردستان، لە ترسی ئیرادەی خەڵک و پاراستنی دەسەڵاتی ناڕەوای و سەرکوت کردنی هەستی ئازادیخوازی گەلانی ئێران، بنکە و پایگاکانی خۆی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەکات.

جێگەی ئاماژیە کە لە سێ ساڵی ڕابردوودا کە ڕاسانی ڕۆژهەڵات ڕاگەیەندراوە و شێوە خەباتی تازە لە کوردستان دەسپێکراوە، ڕێژیم لە ترسی تێکۆشان و خەباتی خەڵک لە شارەکان و خەباتی پێشمەرگە لە شاخەکان، بنکە و پایگاکانی خۆی زیاد کردووە کە ئەمانە نیشانەی ترس و فۆبیای ڕێژیم لە خەباتی شار و شاخە.