کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانی ڕێژیمی ئێران لە تیرۆریزم بە بەڵگەوە ئاشکرا دەکرێت

22:27 - 14 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: کۆمەڵێک بەڵگەنامەی نوێی پەیوەندیدار، لەبارەی پاڵپشتییەکانی ڕێژیم لە تێرۆر زیاتر ئاشکرا دەبێت.

شازادە محەممەد بێن سەلمان لە وتووێژێکدا لەگەڵ گۆڤاری ئاتلانتیک ڕێبەری ڕێژیمی بە مەترسیدارتر لە هیتلێر ناوزەد کردووە و وتوویەتی: ئێران یەکێک لە جەمسەرەکانی سێکوچکەی شەڕەنگێزی لە جیهانە.

هەروەها چۆنیەتی داڵدەدان و پشتیوانی کردنی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە بنەماڵەی بن لادن وئەلقاعیدە لەلایەن جێنشینی عەرەبستانی سعودی لە چاوپێکەوتنێکی دیکە لەگەڵ کاناڵی ئێن،بی،سی ئاشکرا کرا.

هەروەها بڵاوکردنەوی کتێبێک بە زمانی فەڕانسەوی، کە چاوپێكەوتنێکە لەگەڵ محفوظ ولد الوالد ناسراو بە ئەبو حفض کەسی سێیەمی ئەلقاعیدە لەسەردەمی ژیانی بن لادن، بڵاوکراوەتەوە، کە لەو گفتوگۆیەدا خاڵگەلێکی ڕەش لەبارەی حزوری ڕێبەرانی ئەلقاعیدە و ئەندامانی بنەماڵەی بن لادن لە ئێراندا ئاشکرا دەکات.

پێشتریش مەلا زەبیحوڵا وتەبێژی فەرمی و کەسی دووهەمی تاڵبان ڕایگەیاندبوو، کە ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران پێوەندیمان هەیە و ڕێکخراوەکەمان بە فەرمی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لە پێوەندیدایە.

مەلا زەبیحوڵا ڕایگەیاندبوو کە ئێمە پێوەندی باش و بە سوودمان لەگەڵ ئێران هەیە و ڕێککەوتنی ناوچەیمان لەگەڵ ئەو ڕێژیمە هەیە، ئێران پشتیوانی ماڵی و نیزامی لە ئێمە دەکات و چەک‌وچۆڵمان بۆ دابین دەکات تا لەگەڵ ئامریکا شەڕ بکەین.

دوو ساڵ لەمەوبەریش هەیئەتێکی تاڵبان لە ئەفغانستان لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند کە ئێمە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لە سەر پێشگرتنی هێرشی داعش بۆ ئێران ڕێککەوتووین.

ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویش، ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندبوو کە لەگەڵ تاڵبانی ئەفغانستان هاوکاری دەکات؛ ئەوە لە کاتیكدایە کە ڕێژیمی ئێران سەردەمانێک ڕێکخراوی تاڵبانی بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر خاکی خۆی وەسف دەکرد.

عەبدوڵا یەکێک لە فەرماندەرانی ڕێکخراوی تاڵبان، مانگی جۆزەردانی هەمان ساڵ لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی واڵستریت ژۆرناڵدا ڕایگەیاندبوو کە مانگانە ٥٨٠ دۆلار لە ئێران وەردەگرێت و ئەو ڕێژیمە هەموو چەک‌وچۆڵێکی بۆ دابین دەکات.

ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران لە دوایین ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بە یەکەمین وڵات بۆ پشتیوانی لە تێرۆریزم لە قەڵەم درا.