کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرێوەچوونی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ

22:54 - 14 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە ـ ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ـ لە وڵاتی نۆروێژ بەرز ڕاگیرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١١ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ ڕێوڕەسمێکی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان پێک هێنا.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
دواتر ئیبراهیم لاجانی بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ بەخێرهاتنی بەشداربووان کرد و چەند وتەیەکی لە سەر ڕۆژی شەهیدان و خەباتی کورد پێشکەش کرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا چەندین پەیام لەلایەن ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان پێشکەش کران کە بریتی بوون لە:

ـ پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان
ـ پەیامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
ـ پەیامی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی کولتووری کورد لە وڵاتی نۆروێژ

لەو ڕێوڕەسمەدا کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دوو چەپکە گوڵی ڕێزلێنانیان بۆ پێشکەش کردن بە سێمیناری شەهیدانی کوردستان هێنابوو.

ڕێوڕەسمەکە بە پێشکەش کردنی سروودی ئەی شەهیدان لە لایەن گرووپی سروودی لاوانی دێموکرات درێژەی کێشا.

لە دوا بڕگەی بەشی یەکەمی ڕێوڕەسمەکەدا، بابەتێک لە لایەن خاتوو پەری ڕەشیدییانەوە پێشکەشی ئامادە بووان کرا.

خاتوو پەری باسەکەی خۆی لەژێر ناوی یەکیەتیی نەتەوەیی لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا دەست پێکرد و بە خستنە بەر باسی لزومی بەهێزکردنی یەکیەتیی نەتەوەیی، ئاوڕێکی کورتی لە مێژووی بزاڤی نەتەوەیی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان دایەوە و کۆماری کوردستانی بە خاڵێکی وەرچەرخان لە خەباتی نەتەوەیی لە کوردستان لە قەڵەم دا.

دواتر پێشانگایەکی وێنەی شەهیدان بە ڕووی بەشداربووانەوە کرایەوە.
لە دەسپێکی بەشی دووهەمی بەرنامەکەدا، بەرهەمێک لە لایەن هونەرمەند قادر ئەلیاسی ئاراستەی میوانان کرا.

پاشان دوکتور خالید خەیاتی مامۆستای زانکۆ باسەکەی لەژێر ناوی هویەتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش بە بەشداربووان کرد. ناوبراو لە درێژەی بابەتەکەیدا بە باسکردن لە سەر نەبوونی مافی گەلی کورد لە سەر جوغرافیای سیاسی، ئابووری و دیکەی مافەکانی خۆیدا و هۆکارەکانی بە باشی شی کردەوە کە سەرنجی بەشداربووان بە باسەکانی ڕاکێشا.

لە کۆتایی دا چەند پرسیارێک لە لایەن بەشداربووانەوە ئاراستەی خاتوو پەری و دوکتور خالید کرا.

لە دوابڕگەی بەرنامەکەدا چەندین لەوحی رێزلێنان پێشکەش بە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان کرا.