ڕێوڕەسمی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوەچوو
زایینی: ٠٣-٠٤-٢٠١٨ - هەتاوی: ١٣٩٧/٠١/١٤ - ١٨:٢٦ تاران
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە شاری برێمنی ئاڵمان ڕێورەسمی یادی ١٠ی خاکەلێوە ـ ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ـ بە هاوبەشی هەر دوو کومیتەی حیزبی دێموکرات و پارتی سوسیالیستی کوردستان لە ئاڵمان بەڕێوەچوو.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدانی کوردستان و بەتایبەت شەهید پیشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی دەستی پێکرد.
پاشان "ڕەشید رەحمانی" بە نوێنەرایەتی لە کۆمیتەکانی پارتی سوسیالیستی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتارێکی پێشکەش کرد.
"ڕەحمانی" بە ئاوڕدانەوەیەک لە ژیان و تێکۆشانی شەهید پێشەوا، دامەزرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد، دامەزرانی حیزبی دێموکرات، دامەزرانی کۆماری کوردستان و سەرئەنجام ئەو فاکتەرانەی بوونە هۆکاری رووخانی حکوومەتی ساوای کوردستان و شەهید کرانی قازی محەممەد و هاورێکانی و بە پشتبەستن بە وەسیەتنامەی مێژوویی شەهید پێشەوا باسی لە سەر دۆخی هەنووکەیی بزاڤی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان کرد و لەو پێوەندییەدا وتی: "جەنابی پێشەوا لە وەسیەتنامەکەیدا روو بە نەتەوەی کورد ئامۆژگاری کردووین کە تەنیا هێزێک دەتوانێ لە سەرکەوتنمان ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێ، پاراستنی یەکیەتی و برایەتییمانە".
لەو ڕێورەسمەدا ژمارەیەک لە نوێنەرانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان وەک؛ "محەممەد عەلی سیرەک" ئەندام پارلمان لە سەر لیستی پارتی سوسیالیستی ئاڵمان، پرۆفسۆر "ئێقباڵ حاجەبی" تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکرات و گەورە موزیکدانی کورد و خاتوو "سرووە قازی" وەک نوێنەری بنەماڵەی قازییەکان بەشدار بوون و پەیام و وتاریان پێشکەش کرد.
لە کۆتابەشی ڕێوڕەسمەکەشدا شاخەگوڵی ڕێز و وەفا پێشکەشی ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان کرا .