کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانکی فیوچری بەحرەین، گەمارۆکانی ڕێژیمی ئێرانی دەور داوەتەوە

16:56 - 15 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: هاوکارییەکانی بانکی فیوچر بۆ دەوردانەوەی گەمارۆکانی ڕێژیمی ئێران، لە لایەن چاوەدێرانی بەحرەینی ئاشکرا کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٧، واشنتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا، باسی لەوە کردووە، کە چاوەدێرانی دەوڵەتی بەحرەین بۆیان دەرکەوتووە، کە بانکی فیوچر، زیاتر لە ١٠ ساڵە بۆ دەوردانەوەی گەمارۆ نێونەتەوەیییەکان یارمەتیی ڕێژیمی ئێران دەدات و بە بەردەوامی بەڵگە ئابوورییەکانیان گۆڕیوە، هەتا بازەرگانیی قاچاغیی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ وڵاتەکانی دیکە بشارێتەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، کە لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٤ هەتا ٢٠١٥ی زایینی، زیاتر لە ٧ میلیارد دۆلار گواستنەوەی بانکی لە ڕێگەی ئەو بانکە ئەنجام دراوە.

جێگەی ئاماژەیە کە بانکەکانی ئێران، لەو ساڵانەدا بە هۆی گەمارۆکان لە پەیوەندی لەگەڵ بانکە نێونەتەوەیییەکان بێبەش بوونە.

هەروەها بەرپرسانی بەحرەین، باسیان لەوە کردووە، کە سەدان حیسابی بانکی ئاشکرا کراون، کە بە ناوی ئەو کەسانەیە کە تاوانبار بە پوولشۆری و یارمەتیدەری تێرۆریزمن و هاوکاری شێرکەتگەلێکن کە سەر بە سپای پاسدارانن.

لەو پەیوەندییەدا، وەزیری دەرەوەی بەحرەین ڕایگەیاندووە، کە خاوەنی ئەو بانکە دوو کەسایەتی ئێرانین، کە چالاکییەکانیان لە ڕاستای پاڵپشتیی ئابووریی تێرۆریزمە، هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، کە زانیاری ورد لەو بارەوە لە بەردەستە کە بەم زووانە ئاشکرا دەکرێن.