کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەکانی عەرەبستان دژ بە ئێران توندتر دەبنەوە

17:02 - 15 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: جێنشینی پاشای عەرەبستان ڕایگەیاندووە، کە لە هەموو شوێنێک لە بەرانبەر ئێراندا ڕادەوەستین.

محەممەد بن سەلمان، جێگری پاشای عەرەبستانی سعوودی، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ بڵاوکراوەی ئاتلانتیک، باسی لەوە کردووە، کە خامنەیی زۆر لە هیتلێر مەترسیدارترە.

بن سەلمان لەو بارەوە ڕوونی کردۆتەوە: هیتلێر تەنیا دەیەویست دەست بەسەر ئورووپادا بگرێت، بەڵام خامنەیی خەونی داگیرکردنی هەموو جیهانی لە مێشکدایە، هەروەها ناوبراو پشتگیری لە هەڵویست و سیاسەتەکانی ترامپ بە نیسبەت ئێرانی کردووە و وتوویەتی: ئێمە لە هەموو جێگایەک بەرەنگاری ئێران دەبینەوە، لە ئافریقا، ئاسیا، عێراق، مالزی و سوودان تا یەمەن و لوبنان دەستی ڕێژیمی ئێران کورت دەکەینەوە، ئێمە لەسەر ئەو باوەڕەین، بەم شێوەیە کێشەکان لە نێوخۆی ئێراندا زەقتر دەبنەوە و ئەو وڵاتە خێراتر بەرەو هەڵدێر دەڕوات.

ناوبراو هەروەها لە پێوەندی لەگەڵ پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فلستین ڕایگەیاندووە: ئێمە و ئیسرائیلیەکان لە پێوەندی لەگەڵ ڕۆڵی خراپی ئێران هاوڕاین و لەو بارەوە نیگەرانین، ئاشتی و تەناهی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست جگە لە ئیسرائیل، بەرژەوەندیی هاوبەشی بۆ هەموو وڵاتانی عەرەبی هەیە.

پاش ئەو وتوووێژەی بن سەلمان، ڕۆژی پێشوو ١٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، دانڵد ترامپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هەر یەک لە ئەمیری قەتەر و محەممەد بن سەلمان سەبارەت بە ڕۆڵی خراپی ئێران لە ناوچەکە و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی قسەی کردووە.