کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێراندا ١١ میلیۆن کەمخوێندەوار و ٩ میلیۆن نەخوێندەوار هەیە

13:36 - 17 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی ڕێکخراوی "نهضت سوادآموزیـ"ـی ئێران، لە نوێترین ئاماریدا ١١ میلیۆن کەمخوێندەوار و ٩ میلیۆن نەخوێندەواری ڕاگەیاندووە، کە زۆرترین ئاماری نەخوێندەواری لە ناوچە سنوورییەکانن.

لە ئامارێکدا کە لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٥ی خاکەلێوە، لە لایەن ڕێکخراوی "نهضت سوادآموزی" بڵاو کرایەوە، بەپێی سەرژمێری گشتیی هاووڵاتییان لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی لە ئێراندا، ٨ میلیۆن و ٨٠٠ هەزار نەخوێندەوار هەیە.

بەپێی ئەم ئامارە، ژمارەی نەخوێندەواران و کەمخوێندەواران لە ١٣ پارێزگای ئێراندا بەرز بۆتەوە، لە پارێزگا سنوورییەکانی ئێران، ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن و نەخوێندەواری لە چاو بەشەکانی تری ئێراندا زۆر لەسەرترە، بە شێوەیەک کە پارێزگای بەلووچستان لە پلەی یەکەمدایە و پارێزگای کوردستان لە پلەی دووهەمدایە.

نەبوونی کار و ناتواناییی خوێندکاران بۆ دابینکردنی پێداویستییە ڕۆژانەکانیان و گرانی تێچووی خوێندن لە ئێراندا، لە هۆکارە بەرچاوەکانی وازهێنانی خوێندکاران لە خوێندنن.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی زانستیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ئاماری بێکاری دەرچووانی زانکۆ، نزیکەی ١٩ لەسەدە، ئەم ئامارە بۆ ژنان نزیکەی دوو قاتی ڕێژەی بێکارانی پیاو مەزەندە دەکرێت.

"مەسعوود شەفیعی"، کە بە بەرپرسی کۆمەڵەی ئێرانییەکانی پێشخەری پەیوەندیی پیشە و زانکۆ" ناو دەبرێت، باسی لە بەرزبوونەوەی ئاماری بێکاری خوێندکارانی زانکۆ کردووە و وتوویەتی: ١٠٠ هەزار کەس بە بڕوانامەی دوکتوراوە لە ئێراندا بێکارن.

هەروەها ڕێژەی بەرزی هەژاری لە ئێراندا هۆکارێکی دیکەیە، کە منداڵان و لاوان بۆ دابینکردنی بژیوی بنەماڵەکانیان و خۆیان ناچار دەبن، دەست لە خوێندن هەڵبگرن و ڕوو لە بازاڕی کار بکەن.