کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانیشتنی سێ قۆڵیی وڵاتانی تورکیە، ڕووسیە و ڕێژیمی ئێران

12:55 - 17 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی باڵای تورکیە، ڕووسیە و ڕێژیمی ئێران لە دانیشتنێکدا لە ئانکارا، پرسی کوردستان، داهاتووی سووریە وعێراقیان خستە بەر باس.


ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، هەر سێ وڵاتی تورکیە، ڕووسیە و ڕێژیمی ئێران لە دانیشتنێکی یەک ڕۆژەدا، پرسەکانی ناوچەیان خستە بەرباس و جەختییان لەسەر هاوکاری نێوان ئەم سێ لایەنە و پتەوکردنی هاوپەیمانەتییەکەیان کرد.

دانیشتنی ئەم سێ وڵاتە لە کاتێکدایە، کە لە ماوەی پێشتردا حەشدی شەعبی بە هاوکاری ڕێژیمی ئێران شاری کەرکووک و دوزخورماتوویان لە کورد سەندەوە و لە ئاکامدا کوردانی دانیشتووی ئەم شارانە ئاوارەی شارە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان بوون و چەندین تاوانی مرۆیی لەم شارانەدا خوڵقا، چەند هەفتەیەک لەمەو بەرتورکیە دەستدرێژی کردە سەر خاکی ڕۆژئاوای کوردستان و شاری عەفرینی داگیرکرد کە ئاوارە بوونی بە هەزاران کەس و کوشتنی بە سەدان هاووڵاتی ئەم شارەی بە دواوە بوو، هەروەها وڵاتی ڕووسیە بەردەوام پشتیوانی ئاسمانی ڕێژیمی تیرۆریستی دەکات.

لە کۆتایی دانیشتنی ئەم سێ وڵاتەدا لە سەر بەرەنگاربوونەو لە بەرامبەر هەوڵەکان بۆ تەجزیەکردنی خاکی سووریە و ئەمنییەتی نەتەوەیی وڵاتانی دراوسێ پێداگریان کردووە.

شایەنی ئاماژەیە کە بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، حەسەن ڕۆحانی بەیانی هەمان ڕۆژ، پێش دانیشتنی ئەم سێ لایەنە، لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە دانیشتنێکی تایبەتی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ولادیمیر پوتین هەبووە.