کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: دەبێ وڵامی کردەوە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران بدەینەوە

13:32 - 17 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: "نیکی هێلی" باڵوێزی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، پێویستە وڵامی ڕێژیمی ئێران به هۆی کردەوەکانی لە ناوچەدا بدەینەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، "نیکی هێلی" باڵوێزی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان باسی لەوە کردووە، دەبێ وڵامی کردەوە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران بدەینەوە و ئامریکاش لەگەڵ هاوپەیمانەکانی خۆی لە دانوستاندایە تا پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنی ناوکی بکات. 

هێلی لەبارەی هەڕەشە نێودەوڵەتییەکان و پرسی ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، بەرجام و بەرنامەی مووشەکی قسەی کردووە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە، ساڵانێکە نەتەنیا ئامریکا بەڵکوو هاوپەیمانانی ئۆرووپاییش چاویان لە ئاست ڕێککەوتنی ناوکی، تاقیکردنەوەی مووشەکە بالستیکەکانی ڕێژیمی ئێران، پشتیوانی لە تێرۆریزم و سەرکوتی خەڵکی ئێرانیان نووقاندووە.

باڵوێزی ئامریکا جەختی کردۆتەوە کە ئێمە هاوکاریی ئۆرووپا دەکەین تا ڕێککەوتنی ناوکی بەهێز بکەین و وڵامی کردەوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێرانیش بدەینەوە. ناوبراو باسی لەوەش کردووە ئەگەر لە ڕێککەوتنی ناوکیدا چ بمێنینەوە یان نا، بە توندی دژی ڕێژیمی ئێران کار دەکەین.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، دوو مانگ پێش کاتێکی دیاریکراوی بۆ پێداچوونەوە بە بەرجام دیاری کرد و ڕایگەیاند کە ئەگەر کەمایەسی و کێشەکانی ئەو ڕێککەوتننامە دروست نەکرێن ئێمە یەک لایەنە لە بەرجام دەکشێینەوە.

ڕێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، ئەو کاته دیاریکراوە کۆتایی پێ دێت.