کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی: محەممەد بێن سەلمان نەزان، شەیتان‌سفەت، خائین، زمان‌لووس و خاوە!

17:26 - 18 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: دوایین لێدوانەکانی جێنشینی عەرەبستان دژکردەوەی تووندی لێپرسراوانی ڕێژیمی لێکەوتەوە.

ڕۆژی هەینی، ١٧ی خاکەلێوە زۆربەی هەرە زۆری بەرنوێژەکانی نوێژی هەینی لە ئێران هێرشیان کردە سەر محەممەد بێن سەلمان و بە جنێوفرۆشی و بێڕێزی کردنەوە باسیان لە ناوبراو کرد.

بەپێی دوایین هەواڵ و ڕاپۆرتە پێوەندیدارەکان، ئاڵاهەڵگری ئەم پەلاماردانە وەک هەمیشە ئەحمەد خاتەمی بوو کە جگە لە هێرش کردنە سەر ئیسرائیل و هەڕەشەکردن لەمەڕ لەنێوبردنی ئەم وڵاتە، باسی لە بێن سەلمان کرد و وتی: ئەم گەنجۆکە خاو و ناکامڵەی سعودییە(جوانک ناپختە سعودی) لەم ڕۆژانەدا دەستی کردووە بە هەڵیتی و پڵیتی وتن کە ئەمانە نیشانەی نیزیک بوونەوەی لەنێوچوونی ڕێژیمی داڕزیوی عەرەبستانە و بەیارمەتی خودا لە پاش ئەوان نۆرەی ئیسرائیلە.

هەر لەم ڕاستایەدا محەممەدعەلی ئالی‌هاشم بەرنوێژی هەینی تەورێز محەممەد بێن‌ سەلمانی وەک جێنشینی نەزان و شەیتان‌سفەت ناو بردووە.

ئەم جنێوفرۆشییە سازمان‌دراوانە بەوەندە کۆتاییان پێنەهاتووە و هاوتەریب لەگەڵ بەرنوێژەکانی سەر بە ڕێژیم، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیش هاتۆتە دەنگ و وتەبێژی ئەم وەزارەتە وتوویەتی: جێنشینی هزرچەوتی عەرەبستان بەهۆی خاوبوون و قاڵ‌نەبوون لە سیاسەت و بەهۆی زەوقێکی منداڵانە لەسەر ئێران قسەی کردووە، بەچەشنێک کە دەیسەلمێنێ زێدەخوازییەکانی بێن‌سەلمان بوونەتە نەخۆشییەکی بێ‌چارەسەر و عەرەبستانیش بووەتە پەسنبێژ و زمان‌لووسی بۆ ئیسرائیل دەکات.

بێن سەلمان چەند ڕۆژ لەمەو پیش لە وتووێژێکدا لەگەڵ گۆڤاری تایم باسی لەوە کردبوو کە وڵاتەکەی توانیویەتی ئێران لە ٩٥%ی ئافریقا دەر بکات؛ هەروەها وتوویەتی: لە هەر شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا کێشەیەک هەبێ ئەوە دەستی ئێرانی تێدایە؛ باسی لە لاوازییە ئابوورییەکانی ڕێژیمی تاران و لاوازی لەباری سەربازی و ویستی خەڵکی ئێران بۆ گۆڕینی ڕێژیمی ئێرانیش کردبوو.