کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پانتایی دەریاچەی ورمێ کەمتر بووە

22:28 - 18 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: بە پێی ڕاپۆرتە تازەکانی ڕێژیم، پانتایی و قووڵایی دەریاچەی ورمێ دیسان کەمتر بووەتەوە.

دەریاچەی ورمێ کە لە دەیەی ٨٠ی هەتاوی، بەرەو وشک بوون چووە و بە پێی ئامارە نێونەتەوەییەکان هەتا ئێستا نزیک بە ٨٠ لە سەدی وشک بووە، دیسان بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ڕێژیم، لە ئاستی قووڵایی و پانتایی کەمی کردووە.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٧ی خاکەلێوە، هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ڕێژیم، ڕاپۆرتیکیان بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە ئاستی دەریاچەی ورمێ بە نیسبەت بەرزایی دەریاوە گەیشتووەتە ١٢٧٠ میتر، کە بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ٢ سانتیمێتر و هەروەها پانتایی ئەو دەریاچەیە بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو ٢٣ کیلومێتر کەمی کردووە.

لە لایەکی دیکەشەوە، فەرهاد سەرخۆش، بەرپرسی نووسینگەی پارێزگاری و ژیانەوەی دەریاچەی ورمێ، باسی لەوە کردووە کە مانگی ڕێبەندانی ١٣٩٥ هەتا ڕێبەندانی ١٣٩٦هەتاوی، ٢٥٦ کیلومێتری چوارگۆشە پانتایی ئەو دەریاچەیە کەم بووەتەوە.

زیاتر لە ١٥ ساڵە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، دروشم دەدەن کە هەموو هەوڵەکان بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ دەخەنەگەڕ و تا ئێستا گەلێک پرۆژە پێشنیار کراوە کە هەندێکیان بە نیوەچڵی و ناسەرکەوتوویی ماوەتەوە و پرۆژەکانی دیکەش بە کردەیی نەکراون.

ڕێژیمی ئێران کە خۆی بە پرۆژە نازانستییەکانی و ئیزن‌دان بۆ هەڵکەندنی بیری ئاو لەو ناوچەیە و درووست کردنی ڕێگە و بان لە نێوڕاستی ئەو دەریاچەیە، هۆکاری سەرەکی وشک بوونی دەریاچەی ورمێیە، لە ڕاستای سیاسەتە فاشیستییەکانی و لە نێوبردنی سروشت و ژینگەی کوردستان، بە ئەنقەست هەوڵی کاریگەر و ئەرێنی بۆ ژیانەوەی ئەو دەریاچەیە نادات.