کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ٥٠هەمین ساڵیادی شەهیدکرانی سمایل شەریفزادە سێمینارێک بەڕێوە دەچێت

16:15 - 19 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ٥٠هەمین ساڵیادی شەهیدکرانی سمایل شەریفزادە، سێمینارێک بەڕێوە دەبات.

بەم بۆنەوە یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بانگەوازێکی ئاراستەی خوێندکارانی ئازادیخواز و نووسەرانی کورد، لە هەر جێگایەک کردووە.

دەقی بانگەوازەکەی بەم چەشنەیە:

خوێندکارانی ئازادیخوازی کورد!

نووسەرانی هێژا و خامە ڕەنگین!


ئۆگرانی ڕێبازی پڕ سەروەریی شەهیدان ١٢ی بانەمەڕی ئەمساڵ، ٥٠ ساڵ بە سەر شەهیدکرانی سمایل شەریفزادە، خوێندکاری هەڵکەوتووی کورد و یەکێک لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی چەکداریی ٤٦ـ ٤٧ لە ڕەوتی ئەو ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیەدا تێپەڕ دەبێت. بەم بۆنەیەوە یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای ڕێزدانان بۆ خەبات و گیانفیدایی کاک سمایل شەریفزادە و هەموو هاوسەنگەران و درێژدەرانی ڕێبازەکەیان، سێمینارێکی زانستی بۆ هەڵسەنگاندن و شرۆڤەی لایەنە جۆراوجۆرەکانی ئەو بزووتنەوەیە و ناساندنی زیاتری سیما و کەسایەتیی ئەو خوێندکارە بەهەڵوێست و شۆڕشگێڕەی کورد بەڕێوە دەبات. ئێوە دەتوانن بە ناردنی وتارەکانتان لە چوارچێوەی بابەتەکانی خوارەوەدا بۆ دەوڵەمەندکردنی سێمینارەکە یارمەتیدەرمان بن:
ـ ڕۆڵ و پێگەی شەریفزادە لە بزووتنەوەی ٤٦ـ ٤٧دا.
ـ کاریگەریی هەلومەرجی ناوچەیی و نێونەتەوەیی لەسەر هەڵوێستی شۆڕشگێڕانی ٤٦ـ ٤٧.
ـ سەرهەڵدانی بزووتنەوە ڕادیکاڵەکان لە نێو خوێندکاراندا و کاریگەرییان لەسەر شەریفزادە.
ـ هۆکارەکانی شکستی بزووتنەوەی ٤٦ـ٤٧.
ـ ئەزموون و وانەکانی شەریفزادە بۆ خوێندکارانی کورد لە ئێستادا

*بەڕێزان دەتوانن لە ڕێگەی ئەم ناونیشانەی خوارەوە وتارەکانیان تا ڕۆژی ٥ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی بگەیەننە دەستی بەڕێوەبەرانی سمینارەکە :[email protected]
*کۆی وتارەکان دواتر لە دووتوێی نامیلکەیەکدا بڵاو دەکرێنەوە.

یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
هەیئەتی ئیجرایی