کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی بەرپرسێکی پێشووی ئامریکا نیسبەت بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران

16:25 - 19 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: زاڵمای خەلیل‌زاد باڵوێزی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، نیسبەت بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ مەهەندیسی کردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هۆشداری دا.

زاڵمای خەلیل‌زاد، لە وتارێکدا لەژێر ناوی دزەکردنی ئێران لە عێراقدا کەم بکەنەوە که لە ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵــدا بڵاو بووەتەوە، باسی لەوە کردووە، ئێران بە هەموو هێزەوە هەوڵ دەدات لەسەر ئاکامی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا کاریگەریی دابنێت، هەتا دزەکردنی میلیشیا شێعەکانی سەر بە خۆی لەو وڵاتەدا بەهێز بکات؛ هەر وەک ئەو کارەی لە ڕێگای حیزبوڵڵاوە لە لوبنان کردووە.

ئەو بەرپرسە پێشووەی ئامریکا هۆشداری بە ترامپ سەرکۆماری ئامریکا داوە، کە دەبێ واشنتۆن پێش بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە عێراقدا بگرێت.

خەلیل‌زاد باڵوێزی پێشووی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لە سەر ئەوەش کردووەتەوە، ڕێژیمی ئێران لە هەوڵدایە له ڕێگای شەڕ و ئاژاوەی تایفەیی و سیاسییەوە، ناسەقامگیریی ئەو وڵاته تێک بدات.

پێشتریش، ژنراڵ جەیمز مەتیس، وەزیری بەرگریی ئامریکا لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ئامریکا باسی لە هەوڵەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کەڵکوەرگرتن لە پارە بۆ دزەکردنی زیاتر لە عێراق و دەستێوەردان لە کاروباری هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەم وڵاتە کرد و ڕایگەیاند: ئەمە هەوڵێکی نوێی تارانە بۆ ناسەقامگیرتر کردنی ناوچەکە.

لە کاتێکدا کە بەرپرسانی باڵای ئامریکا، نیسبەت بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا هۆشداری دەدەن، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری خامنەیی لە لێدوانێکیدا لە بەغداد باسی لەوە کردبوو، کە ئیزن نادەن، لیبڕاڵ و کۆمۆنیستەکان لە عێراقدا دەسەڵات بە دەستەوە بگرن.

شایانی باسە، کە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت.