کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرز بوونەوەی ئاماری هەژاری لە ئێراندا

17:02 - 19 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: زیاتر لە ١/٣ی خەڵکی ئێران، بە تەواوەتی هەژار کەوتوون و توانایی دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی خۆیانیان نەماوە.

بەپێی بەراوردە کارناسانەکان، هەڵاوسانی بازاڕ، گرانی و نەمانی هەلی کار لە ئێراندا، خەڵکی ئەو وڵاتەی تووشی قەیرانی هەژاری کردووە و هەر ساڵ بە ڕێژەی هەژاران زیاتر دەبێت.

حوسێن ڕادفەڕ، لێکۆڵەر و ئابووریزانی ئێرانی، ڕۆژی شەممە ١٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی ڕایگەیاندووە: بەپێی بەراوردە ئابوورییەکان، هێڵی هەژاریی ڕەها بۆ هەر بنەماڵەیەکی چوار کەسی کە لە شاردا دەژین، بڕی چوار میلیۆن تومان دیاری کراوە، بەو پێیە ٣٣٪ حەشیمەتی ئێران تووشی هەژاریی ڕەها بوون و ٦٪ بە تەواوەتی لە برسیەتیدا دەژین.

بە وتەی ناوبراو، لە ڕوانگەی دەوڵەتەوە هێڵی هەژاری بۆ بنەماڵەیەکی پێنج کەسی بڕی ٧٠٠ هەزار تمەن دانراوە، کە ئەو بڕە پارەیە تەنانەت بەشی خواردنی ئەوانیش ناکات.

بەپێی لێکدانەوەکانی ڕادفەڕ، ٢٦ میلیۆن کەس لە ئێراندا تووشی هەژاریی ڕەها بوون و ٥ میلیۆن کەسیش لەو وڵاتەدا لە برسیەتیدا دەژین و هەموو مووچەکانیان بەشی پێداویستیی خواردەمەنییەکانیان ناکات.

ماوەیەک لەمەوبەر پەرویز فەتاح، بەرپرسی کۆمیتەی ئیمدادی خومەینی، ڕایگەیاندبوو، کە ڕێژەی ئەو کەسانەی کە بە مەبەستی خۆ تۆمار کردن، خۆیان بەو کۆمیتەیە ناساندووە، پەنجا لەسەد زیادی کردووە.