کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو ئێرانی بە تۆمەتی قاچاغی پارچەی مووشەک لە ئوکراین دەرکراون

17:06 - 19 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی ئیتلاعاتی ئوکراین دوو کەسی ئێرانیی بە تۆمەتی قاچاغی پارچەی مووشەکی خا-٣١، لەو وڵاتە دەر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی دەیلی بەیستــی ئامریکا، واسیل هریتساک، بەرپرسی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی ئوکراین، لە سەردانێکدا بۆ ئامریکا، باسی لەوە کردووە، کە دوو شارومەندی ئێرانی لەو وڵاتەدا هەوڵی قاچاغ کردنی پارچە مووشەکییەکان و کتێبی فەنیی مووشەکی دووهاوێژی خا-٣١یان داوە، کە لە لایەن ئەو وڵاتەوە دەرکراون.

هێزە شاراوەکانی ئیتلاعاتی ئوکراین، لە سەرەتای ساڵی زایینی بە ڕاگرتن و پشکنینی ماشینی ئەو دوو ئێرانییە، پارچەکانی ئەو مووشەکەیان دۆزیوەتەوە و بەرپرسانی ئەو وڵاتە بۆ دووریگرتن لە کێشەی دیپلۆماتیک لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، هەتا ئێستە باسیان نەکردووە.

لەسەر ناوونیشانی ئەو دوو کەسە لە لایەن وڵاتی ئوکراینەوە، هیچ شتێک باس نەکراوە و تەنیا بەرپرسی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی ئەو وڵاتە بە بەرپرسانی ئامریکایی وتوویەتی: کە ناوی یەکێکیان عەبدی بەیانــە کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانە و هیچ زانیاری دیکە بڵاو نەکراوەتەوە.

بەپێی ڕێککەوتننامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەناردەکردن و فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی بە ڕێژیمی ئیران قەدەغەیە و ئە وڵاتانە یان کەسایەتیانەی کە هەوڵی بازەرگانی کردنی تەقەمەنی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بدەن، تاوانبارن و لێپرسینەوەیان لێ دەکرێت.

ڕێژیمی ئیران لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵی داوە، کە لە ڕێگەی قاچاغەوە، کەلوپەلی نیزامی بە دەست بیهینێت و تا ئێستە زۆر کەسایەتی و شیرکەت کە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لەو پەیوەندییە بازەرگانیاندا دەستیان هەبووە، ناسراو و دەسبەسەر کراون و گەمارۆ خراوەتە سەریان.