کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە هۆی نەبوونی ناسنامە، زۆربەی منداڵانی سیستان و بەلووچستان ناتوانن بڕۆنە قوتابخانە

22:12 - 19 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: فەرمانداری شارستانی قەسرقەند، باسی لەوە کردووە، کە سەرەڕای کێشە ئابوورییەکان، نەبوونی ناسنامە، هۆکاری نەخوێندەواریی منداڵانی سیستان و بەلووچستانە.

پارێزگای سیستان و بەلووچستان، یەکێک لە نەخوێندەوارترین پارێزگاکانی ئێرانە و بە وتەی حومەیرا ڕیگی، فەرمانداری شارستانی قەسرقەند، زۆربەی منداڵانی ئەو پارێزگایە، بە هۆی کێشەی ئابووری و کولتوورییەوە ناسنامەیان نییە و لە خوێندن بێبەش کراون.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، ٣ هەزار کەس لەو ناوچەیە لە خوێندن بێبەش کراون و ئەو کەسانەش کە درێژەیان بە خوێندن داوە، لە ژێر خێوەت و لە باردۆخێکی نالەباری پەروەردەییەوە بووە و بەشێکی زۆریش بە هۆی کێشەی ئابووری و دووری ڕێگەی قوتابخانەکان ناتوانن بخوێنن.

لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە نیسبەت حەشیمەتی ئەو پارێزگایە، ڕێژەی قوتابخانە زۆر کەمە و لە ناوچە بیابانی و شاخاوییەکان منداڵان بۆ گەیشتن بە قوتابخانە دەبێت ڕێگەی چەند کیلومێتری ببڕن، کە یەکێک لە هۆکارەکانی وازهێنان لە خوێندنە.

سیاسەتی فاشیستی ڕێژیمی ئێران وای کردووە، کە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، لە هەژارترین و نەخوێندەوارترین پارێزگاکانی ئێران بێت و ئەو ڕێژیمە لە ڕاستای لەنێوبردنی نەتەوە غەیرە فارسەکان لە بواری ئتنیکی وئۆکۆنۆمی، بەئەنقەست گرنگی بەو پارێزگایە نادات.

بەگشتی لە هەموو بوارێکدا پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە ئاستی قەیراندایە و داهاتووی جیلی نوێی ئەو پارێزگایە بە هۆی هەڵاواردن لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە نادیارە و لە مافە مرۆیی و نەتەوەیییەکاندا بێبەش کراون.