کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
پەیامی سەرەخۆشی لێپرسراوی گشتیی حیزب بەبۆنەی کۆچی دوایی دلۆڤان بارزانی

بۆچی خەڵکی ئێران ناڕازین؟

18:42 - 2 بانەمەڕ 2718

مستەفا هیجری*

ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران لەهەمبەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا، لە فورمێکی گشتیدا نزیک سەد شاری ئێرانی گرتەوە. لانیکەمی تێچووی ئەو هەستانەوە گشتییە بۆ خەڵکی ئێران، دەسبەسەرکرانی هەزاران کەس، کوژرانی ٢٥ کەس (بە وتەی بەرپرسانی ڕێژیم) بە هۆی سەرکوتی بێبەزەیانەی خەڵکی ڕاپەڕیو لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی و کوژرانی ٥ کەس لە دەسبەسەرکراون لە ژێر ئەشکەنجەدا لە زیندانەکان بووه.

بەڵام تێچووی ئەو ناڕەزایەتییانەی خەڵک بۆ ڕێژیمی ئێران لە بواری سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی له نێوخۆ و دەرەوە قورستر لەوە بووە، کە قەرەبوو بکرێتەوە. ئامانج لەو نووسینە باسکردن له چۆنیەتی و هەڵسەنگاندنی ئەو تێچووانە نییه، چونکه ئەو باسه خۆی "هەویرێکە ئاوی زۆری دەوێت" (سر دراز دارد) و له وتار و نامیلکەی جیاوازدا دەبێ باسی لێ بکرێت، بەڵکوو مەبەستی نووسەر لەو بابەتە باسکردن و وڵامدانەوە بەو پرسیارەیە کە "بۆچی خەڵکی ئێران ناڕازین؟".

وڵامی ڕاست بەو پرسیارە لەو بارەیەوە گرینگە کە کاربەدەستانی ڕێژیم و مۆرە ڕنگاوڕەنگەکانی ئەو ڕێژیمە ئاگاهانە و بە مەبەستی کەم بایەخ پیشاندانی ئەو هەستانەوەیە هەر وەک ڕابردوو هەوڵیان دا بیروڕای گشتی بەلاڕێدا ببەن و گرووپێکی دیکەش نائاگاهانە و لەژێر کاریگەریی شەپۆلی بەرینی پڕۆپاگەندەی ڕێژیم لە ڕێگای هەزاران تریبۆنی مزگەوتەکان، کانالە تەلفزیۆنییەکان، ڕادیو، ڕۆژنامە و ناوەندە فکری و پڕۆپاگەندەییەکان، کە بۆمبارانی فکری خەڵک دەکەن، بە شێوەیەکی دیکە لە ئاقاری ئامانجەکانی ڕێژیمدا هەنگاو هەڵدێننەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە هیچ میدیایەکی ئازاد و سەربەخۆ لەو وڵاتەدا بوونی نییە، کە لە بەرانبەر ئەو شەپۆلە بەهێزەدا، خەڵک لەگەڵ وڵامی ڕاستی ئەو پرسیارە ئاشنا بکات.

ڕێژیم هەموو توانای ماشینی تەبلیغاتیی خۆی بەکار هێناوە، هەتاکوو بتوانێت هۆکاری هەستانەوەی گشتیی خەڵکی ناڕازی لە مانگی بەفرانباردا کە تا ئێستادا لە شکڵە جۆراجۆرەکاندا (مانگرتن و نەچوونە سەرکاری کرێکاران، کارمەندان و بەتایبەت ڕێپێوانی خەڵکی عەرەبی ئەهواز) درێژەی هەبووە؛ تەنیا لە ڕەهەندی ئابووریدا بشارێتەوە و بەو شێوەیە باقی ڕەهەندەکانی دیکەی هۆکاری ئەو ناڕەزایەتییانە کە بەربڵاوتر لە ویستە ئابوورییەکانی خەڵکن سەرپۆشی لە سەر دابنێت.

ئەو ڕێژیمە هەر لە هەمان ڕۆژانی هاتنە سەرکارییەوە بە هەموو هێزەوە هەوڵی داوە، هەتا لە ئێران دۆزەخێک بۆ خەڵکەکە دروست بکات کە وێنانەکراو بێت و ئەلحەق تێکۆشان و بەرنامەکانیشی لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا لە پێناو کردنی ئێران بە جەهەندەمێک بە تەواوەتی سەرکەوتوو بووە. یەکێک لەو بەرنامانە وێرانی و لەنێوبردنی ئابووریی ئێران بوو. 

ڕێکخستنی دەقیقی سیاسەتە نێوخۆیییەکان و هاوئاهەنگردنی سیاسەتەکانی دەرەوە بە مەبەستی دوژمن‌تراشی و خەرجکردنی داهاتی زۆری وڵات لە پێناو وەدیهێنانی ئیدئۆلۆژی بەرزەفڕانە زێدەخوازییەکانی بۆ گەیشتن بە ڕێبەریی جیهانی ئیسلام "بە لەبەرچاونەگرتنی گەندەڵی هەوساربڕاوی حکوومەتی" توانی خەڵک لە نانی سفرەش بێبەش بکات. 

ڕێژیم به پێشگرتنی ئەو سیاسەتە ئابوورییەدا بە دوای ئەو ئامانجە بووە، که نانی خەڵکیشی لە دەستی خۆی بێت هەتا بەو شێوەیە بتوانێت هەمووی ئەوانەی کە لەگەڵ سیاسەتەکانی ڕێژیمدا کێشەیان هەیە، هەڕەشەی نانبڕینان لێ بکات و لەو ڕێگایەوە هێزە سەرکوتکەرەکانی خۆی لە نێوخۆ و هێزە داگیرکەره و بەکرێگیراوەکانی لە دەرەوە لەژێر ناوی سپای پاسداران، بەسیج و ... ڕۆژ بە ڕۆژ بەرینتر بکات؛ چونکە لە "ام القری" ئیسلامیی ئیراندا ئەو توێژانە نە تەنیا دەستیان بە زاری خۆیان دەگات، بەڵکوو لە دزی و ڕاوڕووتی سامانی گشتی، گەندەڵی و ڕانتخۆریدا ئازادن.

ئەو ئابوورییە وێرانە، کە ڕێژیم ئەو بە ئابووریی ئیسلامی دەزانێت، تەنیا بەشێک لە کێشەی خەڵکی ئێرانە کە ڕۆژانە دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم دەکەن و هەر ڕۆژێکیش خراپتر دەبێت.

جیا لە کێشەی ئابووری، ئەو ڕێژیمە هەزاران کێشەی دیکەی بۆ خەڵک پێک هێناوە، کە هەر کامەیان کەم بایەختر لە کێشەی ئابووری بۆ ئەوان نییه، بە شێوەیەک کە بونیاتی کۆمەڵگای ئێرانی لێک هەڵوەشاندۆتەوە.

یەکێکی دیکە لە کێشەکان، پەرەگرتنی ئیعتیاد وەکوو خەسارێکی گشتیی کۆمەڵایەتییە. پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٦ی لە زاری پەرویز ئەفشار، وتەبێژی ستادی بەرەنگاربوونەی لەگەڵ ماددە سڕکەرەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە وڵاتدا بە شێوەی بەردەوام ماددە سڕکەرەکان بەکار دێنن ٢ میلیۆن و ٨٠٨ هەزار کەس ڕاگەیەندراوە.

بە پشتبەشتن بە لێکۆڵێنەوەکانی وەزارەتی بێهداشت کە ئاکامەکەی ڕێکەوتی ١٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی ڕاگەیەندرا، نزیک بە ٢٤٪ی خەڵکی ئێران کێشەی دەروونییان هەیە. هەواڵدەریی "ایرنا" لە زاری جێگری وەزیری بێهداشت باسی لەوە کردووە، کە ٦ میلیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس خەمۆکیان هەیە. توێژینەوەکانی ئەو وەزارەتخانەیە دەخەری ئەوەیە کە ٢٣/٦٪ خەڵکی ئێران کێشەی "تێکچوونی دەروونیـ"ـیان هەیە و بەگشتی ١٢/٧٪ی حەشیمەتی ١٥ هەتا ٦٤ ساڵ لە ئێراندا نەخۆشیی خەمۆکیان هەیە.

لێکۆڵینەوەکانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران لە ساڵەکانی ١٣٧٨ تا ١٣٨٧ دەری دەخات، کە ڕێژەی پەرەسەندی "تێکچوونی دەروونی" لە نێو خەڵکی ئێراندا لە ماوەی ئەو ٩ ساڵەدا ٦٠٪ بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٤٪.

هاوکات لەگەڵ کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێراندا، گەندەڵیی دەزگا و ناوەندە حکوومەتی و بەرپرسانی باڵای وڵاتیش ڕووی لە هەڵکشان بووە. 

ئەحمەد تەوەکولی، نوێنەری مەجلیسی شۆرای ئیسلامی کە سەردەمێک سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی لە ئەستۆ بووە، باسی لە گەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە "قۆناغی گەندەڵیی سیستماتیک" کردووە و جەختی کردۆتەوە کە " ناوەندەکانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گەندەڵی، خۆیان تووشی گەندەڵین". ناوەندی نێودەوڵەتیی شەفافیەتی ئابوووریش سەرەڕای لێکۆڵینەوە لە دۆخی ١٧٧ وڵات لە ساڵی ڕابردوودا، ناوی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە ئاستی گەندەڵیی ئابووری و ئیداریدا لە پلەی ١٤٤دا تۆمار کردووە.

بەو پێیە دەتوانین زۆری دیکە لە بێسەروبەرەیی و کێشەکانی خەڵک بەو ڕێزبەندییە زیاد بکەین، کە لێکەوتەی سیاسەت و بەرنامەی نێوخۆیی و دەرەوەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران بوونە و دەسکەوتەکانیشی بۆ خەڵک ئەوە بووە:
١ـ گەشەی خێرای خۆکوژی، "خبر آنلاین" ڕۆژی ٢٨ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی بڵاوی کردەوە: "خۆکوژی لە ئێراندا بە شێوازێکی سەرسووڕهێنەر ڕووی لە بەرزبوونەوەیە، دۆسییەکانی هەوڵدان بۆ خۆکوژی لە ساڵی ١٣٩٠ تا ١٣٩٤ی هەتاوی، (لە ماوەی ٥ ساڵدا) بەرزبوونەی ٦٦٪ی لە نێو ژناندا و ٧١٪ی لە نێو پیاواندا هەبووە. لە ئێستادا ئێران پلەی یەکەمی خۆسووتاندنی ژنانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە. بلاڤۆکی (جهان صنعت ١٤ی جۆزەردانی ١٣٩٦)

٢ـ نەمانی شادی لە نێو خەڵکدا و بوونی کۆمەڵگە بە کۆمەڵگایەکی شەڕخواز و تووڕە. ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی ئیران لە بەفرانباری ساڵی ١٣٩٥دا ڕایگەیاند، لە ماوەی ٨ مانگی یەکەمی ١٣٩٥ی هەتاوی، زیاتر لە ٤٠٠ هەزار بریندار سەردانی ئەو ناوەندەیان کردووە، کە سەرجەمیان شەڕیان لەگەڵ یەک کردووە.

ئەوە هەمان دوزخەکەیە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ خەڵکی دروست کردووە، ئێستا ئەو خەڵکە دوای چەندین دەیە ڕێگاچارەی ڕزگاریی خۆیان لە دوزەخەدا لە ڕووخانی ڕێژیمدا دەبیننەوە.

هەر بۆیە هۆکاری ناڕازی بوونی خەڵک لەو ڕێژیمە ڕەهەندی جیاواز و بەرینی هەیە، وەک نەبوونی ئازادی، سەرکوت و زوڵمی لەڕادەبەدەری زۆر دژی کەمینە دینی و مەزهەبییەکان، سەرکوت و سووکایەتی کردن بە نەتەوە غەیرە فارسەکان، دزی و تاڵانی سەرچاوە ئاوییەکانی ژێرزەویی لە ناوچە پەراوێزەکانی ئێران و ستەمی زۆری دیکە کە ئەو ڕێژیمە دژی خەڵکی ئیران دەیکات و کێشەی ئابووری تەنیا ڕەهەندێکە کە ڕێژیم لە هەوڵدایە تا بە گەورە پێشاندانی ئەو بابەتە، هەموو ناڕەزایەتییەکانی دیکە بشارێتەوە، بەڵام ناکرێت بۆ هەمیشە خەڵک فریو بدەی.

*لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران