کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ڕێژیمی ئێرانی بە تاوانباری هێرشی کیمیایی لە وڵاتی سووریە لە قەڵەم دا

23:34 - 19 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی سووریه، بە گازی ژاراوی شاری دوومایان لە ناوچەی غوتەی ڕۆژهەڵات بۆردمان کردووە و بەو هۆیەوە دەیان کەس گیانیان لە دەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دانڵد ترامپ سەرکۆماری ئامریکا، دوای بۆردمانی کیمیایی شاری دوومای سووریه، لە پەیامێکی تویتێریدا بڵاوی کردەوە، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و دەوڵەتی ڕووسیه پشتیوانی لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد دەکەن و بەرپرسیاری ئەو هێرشە کیمیاییەن.

ترامپ لەو پەیامە تویتێرییەدا ڕایگەیاندووە، ئەو دوو وڵاتە به هۆی پشتیوانی لە ڕێژیمی ئەسەد دەبێ بەهایەکی قورس بدەن.

لەو پێوەندییەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە بەیاننامەیەکدا داوای لە ڕووسیه کردووە، دەسبەجێ پاڵپشتییەکانی لە ڕێژێمی بەشار ئەسەد ڕابگرێت و داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە، کە لە ئەگەری سەلماندنی ئەو هێرشە کیمیاییە له ناوچەی غوتەی ڕۆژهەڵات، دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستێکی توند بگرێتە بەر.

لەو بارەوە ئاژانسی دەنگوباسی ئینتەرفاکس ڕۆژی یەکشەممە لە زاری وەزارەتی بەرگریی ڕووسیەوە ڕایگەیاندووە، ڕووسیه ئەو ڕاپۆرتانە لەسەر هێرشی کیمیایی لە دوومای سووریه ڕەت دەکاتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە چالاکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریه ڕایانگەیاند، کە ڕێژیمی بەشار ئەسەد بە چەکی کیمیایی هێرشی کردۆتەوە سەر شاری دووما لە ناوچەی غوتەی ڕۆژهەڵات.

پێشتریش ڕێژێمی سووریه گازی سارینی له‌ هێرشێكدا بۆ سه‌ر ناوچه‌ی خان شەیخۆنــی پارێزگای ئەدلەب به‌كار هێناوه‌.