کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی مەیدانی لەسەر دۆخی ئابووریی و بازاڕ لە کوردستان پاش بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار

17:16 - 20 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: یەکێک لە چالاکانی ئابووری لە کوردستانی رۆژهەڵات سەبارەت بە دواڕەوشی بازاڕ و ئابووریی بەتایبەت پاش بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و ئەرزە بیانییەکانی دیکە ڕاپۆرتێکی بۆ کوردستان میدیا ناردووە کە دەقەکەی بەم چەشنەیە:

دابەزینی پەیتا پەیتای بەهای تمەنی ئێرانی، مانگرتنەکانی ناوخۆی ئێران، شەڕی ناوچەیی، ئاژاوەگێڕییەکانی حاکمانی تاران، هەڕەشە و گوشارە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت گوشارەکانی دەوڵەتی دانڵد ترامپ بۆ سەر ئێران و زۆر شتی دیکە دەتوانن لەباری ڕەوانییەوە هۆکارگەلێک بن بۆ دڵەڕاوکێی خەڵکی ئێران بە نیسبەت داهاتووی نادیار و ناڕوونی وڵاتەکەیانەوە.

وەزعی شپرزەی ئابووریی ئێران و بێکاری و گرانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێت لەزۆر بارەوە جێگای سەرنج و تێفکرینی تاکی سیاسی و شۆڕشگێڕ بێت. چونکە قووڵ‌بوونەوەی قەیرانەکە دەتوانێت بزوێنەری کۆمەڵگە بێت بە دژی دەسەڵاتی ئاخوندەکان لە تاران و هەر ئەمەش دەتوانێت باری سەرشانی هێزی ئاڵوگۆڕخواز کەمتر بکاتەوە و پاڵپشتێک بێت بۆ ئەوەی دەنگی شاخ و شار زیاتر تێکەڵ بە یەکتر ببن. بێ ئەملاوئەولا عەرزتان دەکەم ئێمە ئێستا لەو قۆناخە هەستیارەداین کە گرانی، بێکاری، هەڵاوسانی بازاڕ، مایەپوچ بوون و هتد بە هۆی نەزانی و ئاژاوەگێڕی و دیکتاتۆری و تێروریست بوونی دەسەڵاتی تاران بەرۆکی کۆمەڵگای ئێران و خەڵکی کوردی گرتووەتەوە.

لێرەدا چەند نموونەیەک لە نرخی شتومەک و پێداویستییە ڕۆژانەکانی خەڵک دەخەمە بەرچاوتان تاکوو ئەوپەڕی ئەم قەیرانە ئابوورییەتان بۆ دەرکەوێت:

لە شاری سەقزدا کیلۆیەک گۆشتی سور ٤٥٠٠٠ تمەنە، برنجی هێندی مژدە یان کاکا کیسەی ٧٧٠٠٠ تمەنە، کیلۆیەک هێلکە ٧٥٠٠ تمەنە و بە گشتی نرخی شتەکان گرانە و ڕوو لە هەڵکشانە. تەواوی ئەم نرخانە هی ئەو کاتەیە کە دۆلار بە ٤٦٥٠ تمەن بوو کە بیست ڕۆژ پێش نەورۆز جێگیر ببوون، بەڵام لە داهاتوودا دەبێت چاوەڕوانی نرخە تازەکان بە دۆلاری سەرووی ٥٠٠٠ تمەنەوە بین کە ئەمڕۆ بە چاوی خۆم بینیم دۆلار لە بازاڕی سەقز بە ٥٤٠٠ تمەن فرۆشرا ! ئەگەر بازرگانەکان بەو دۆلارە کەلوپەل هاوردەی بازاڕ بکەن ئەو کات نرخی نوێی کەلوپەلەکان نوێ دەبێتەوە.

دەوڵەت بە هەر فرت و فێڵێک بووە هەتا ئێستا توانیویەتی پێش بە گران بوونی نان و بەنزین بگرێت. یەکێکی دیکە لەو شتانەی کە دەوڵەت هەتا ئێستا توانیویەتی بۆ خەڵکی دابین بکات بەردەوامی دابین کردنی ئاو و برق و گازە. هەرچەند کە خەڵک زۆر زیرەکانە فێر بوون کۆنتۆڕی ئاو و گازەکانیان دەسکاری دەکەن و بەم شێوە بڕێک لەو پارە کە دەبێت بیدەن بە ڕێژیم دەیگێڕنەوە بۆ خۆیان.

بازاڕ بە هۆی نەورۆز و سەری ساڵەوە تۆزێک جموجۆڵی تێکەوت بەڵام ئێستا بیست ڕۆژ لە بەهار تێپەڕ بووە و خەڵکی موسافیر و گەشتیار گەڕاونەتەوە ماڵەکانی خۆیان و ئەو هەناسەی بازاڕیش بەرەو کۆتایی دەچێت؛ گرانی ئێستا بەبەراورد لەگەڵ بیست ڕۆژ پێش لە نەورۆز جیاوازیێکی ئەوتۆیان نییە، چونکە نەهایەتی توانای کڕینی خەڵک لە ئاستی دۆلاری ٤٠٠٠ تمەندایە و دۆلار هەرچەند لە چوار هەزارتمەن زیاتر سەرکەوێ بەس خەڵک زیاتر لە قوڕی گرانی و بێدەسەڵاتی دەچەقن؛ کرێچییەکان ڕازی نین دوکانەکان بە کرێی پارەکەش بگرنەوە بۆیە لە پاساژەکاندا زۆربەی دوکانەکان چۆڵ کراون یان بە کڕێی کەمتر لە چاو ساڵی پێشوو دراونەتەوە بە کرێ. بازاڕی قەرز و قیست و چەک وەرگرتن بەرەو کۆتایی دەڕوات و زۆربەی شتەکان بەس بە پارەی نەقد دەکڕدرێ، جەوی زاڵ بە سەر ئێراندا کارێکی ئەوتۆی کردووە متمانە لە نێوان خەڵکدا نەماوە .

کەس بڕوا بە کەس ناکات و تەواوی پێوەرەکان دەرخەری ئەوەن کە بەها ئەخلاقی و ئەرزشە ئینسانییەکان زۆر کەم ڕەنگ بوونەتەوە. ڕۆژانە دەنگ بەرزکردنەوەی خەڵک لە یەکتری و شەڕ کردن لە نێوان خاوەن ماڵ و قەرزدار و دەیان ناهەنجاری دیکەی کۆمەڵایەتی کە سەرچاوەکەی گرانی و بێکارییە بەرچاو دەکەون. چەکی بەرگەشتی کارێکی بە بازرگان و دوکاندارەکان کردووە کە تەنیا و تەنیا لە هەوڵدان بە هەر جۆرێک بووە ببنەوە بە خاوەن پارەکەیان و کورد گوتەنی : پووشی سەر دەستیان بێت !!!.

بێکاری بە هۆی داخرانی مەرزەکان ماوەی زیاتر لە سێ مانگە ڕووی لە زیادبوون کردووە و پیشەی کازب و ئیشە کەم‌داهاتەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، خەڵکانی تەسبێح فرۆش و دەسفرۆش و بێکار دیمەنی شاریان ناشیرین کردوە، بە گشتی خەڵک پێیان وایە وەزع باش نابێت و ڕێژیم توانای کۆنتڕۆڵ کردنی وەزعی ئابووریی وڵاتی نییە، ژیان لە فۆرمی نۆرماڵ و ئاسایی خۆی لایداوە و حاڵەتگەلی نائاسایی و ناهەنجاری کۆمەڵایەتی زیاتر بەهۆی گرانی و بێکاری لە سەر شەقام بەرچاو دەکەون.

وڵامی فەرماندار و شاندەکەی بە مانگرتنی بازاڕیان و کاسبکارانی سەقز لە چەند ڕۆژی پێشودا خەڵکی هێنایە سەر ئەو قەناعەتە کە بەرپرسانی حکومەتی هیچ کارێک بۆ خەڵک ناکەن، ئەو دانیشتنانەش جگە لە هاوسۆزی و دەردەدڵ هیچی تێدا مەیسەر نەبوو. ئێستا باری ڕەوانی دۆلاری ٥٤٠٠ تمەنی هاتووەتە ناو خەڵکەوە، خەڵک تێدەگەن کە لانیکەم دوو مانگی دیکە دەبێت کیسەیەک برنج بە ١٠٠ هەزار تمەن بکڕن، ئەمڕۆ هەر گرەمێک ئاڵتوون بە ٢٠٠ هەزار تمەن دەفرۆشرا.

سەڕافەکان و کۆمپانیا بازرگانییەکان تەنیا لە بەرانبەر پارەی نەقددا ئاڵوگۆڕی دراو دەکەن یان کەلوپەلەکان تەحویل دەدەن. وەک ئاماژەم پێکرد ئەم وەزعییەتە هی دۆلاری ٤٦٥٠ تمەنییە و ئێمە ئەمڕۆ تەنیا و تەنیا باری ڕەوانی دۆلاری ٥٤٠٠ تمەنی هەست پێدەکەین دەنا ئەگەر کەلوپەلی دۆلاری ٥٤٠٠ تمەنی بێتە بازاڕەوە ئەوە ئیدی دە ئەوەندە خەڵک بە هەژاریدا ڕۆدەچن .

بەرەبەرە بەرەو ڕەمەزان دەچین و هاوکات ئیمزا نەکردنەوەی بەرجام و تێپەڕبوونی ماوەیەکی کاری جان بۆڵتۆن دەتوانن لەباری ئابووری و ڕەوانییەوە شوێندانەری زۆر زیاتر لە سەر خەڵک و کۆمەڵگای ئێران دابنێن .

لەکۆتاییدا بەس ئەوەندە دەلیم: لەوانەیە تەنیا لە بیاڤێکی سیاسی ماکیاولیدا بتوانین وەسفی لێکترازانی بەها ئینسانییەکان و دابڕان و ماڵئاوایی لە ئەخلاق بەهۆی بەرژەوەندیخوازییەوە بکەین؛
دیارە هیچ شتێک ناتوانێت وەسفی تەواوی ئەم وەزعییەتە ئابوورییە بکات کە ئەمڕۆ بەسەر ئێراندا زاڵ بووە، بەڵام ئەوە ڕوونە کە لێرە متمانەپێکردن دابەزیوە بۆ ئاستێکی زۆر نزم و هەر ئەوەش قەیرانی کۆمەڵایەتی گەورەتر دەخوڵقێنێت.