کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێدەچێت حکوومەتی ئێران بەتەواوەتی بکەوێتە ژێر ڕکێفی نیزامییەکانەوە

17:40 - 20 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: کەسە توندئاژۆوە نیزامییەکانی ڕێژیم، بۆ پەرەپێدانی دەسەڵات و دەستێوەردانی زیاتری ئەو ڕێژیمە لە ناوچەکە، خوازیاری سەرکۆمارێکی نیزامین.

حوسێن ئەڵڵاکەرەم، سەرۆکی شۆرای هاوئاهەنگیی ئەنساری حیزبوڵڵا، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خاکەلێوە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی خەبەر ئانلاین وتوویەتی: هەر کەسێک کە دەیەوێت ببێتە سەرکۆمار، دەبێت هێندێ تایبەتمەندیی هەبێت و بەپێی دۆخی ستراتیژیکیی ئێران کەسە نیزامییەکان بۆ سەرکۆماری شیاوترن.

بابەتی هەڵبژاردنی سەرکۆمارێکی نیزامیی بۆ ڕێژیم و ڕزگارکردنی ئەو ڕێژیمە لە دەست کێشە و گرفتەکان، باسێکە کە چەند ساڵێکە لە لایەن نیزامییانی ڕێژیمەوە زار بە زار دەگەڕێت.

یەک لەوانەی کە ڕشەمەی ساڵی ڕابردوو، ئەو داخوازییەی بووە و باسی لەوە کردووە، کە لە وەها دۆخێکدا ئەگەر نیزامییەک بکرێتە سەرکۆمار وڵات ڕزگار دەبێت، محەممەد پوورموختار، یەکێک لە کۆنە فەرماندەکانی سپای پاسدارانە و لە خولی نۆیەم و دەیەم نوێنەری مەجلیس بووە.

هووشەنگ ئەمیر ئەحمەدی، مامۆستای زانکۆ لە ئامریکا و سەرۆکی شۆرای ئامریکایی ـ ئێرانیش، پێشنیاری دەوڵەتێکی نێمچە نیزامی یان لانیکەم دەوڵەتێک کە تێیدا نیزامییەکان لە سیاسەتی دەرەکی، ئەمنییەتی و بەرگری و تەنانەت ئابووریش قسەی یەکەم بکەن، کردووە.

لە دوو خولی ڕابردووی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ڕێژیم، ڕێکخراوە نیزامییەکان زۆرترین هەوڵیان داوە، کە دەست بەسەر ئەو پۆستەش بگرن.

ڕێژیمی دیکتاتۆری ئێران، لە بنەڕەتەوە لەسەر ئەساسی نیزامیگەری و میلیتاریزە کردنی ئێران، دەسەڵاتەکەی خۆی پەرە پێ داوە و لە هەندێک پۆست وەکوو سەرکۆماریدا کە نیزامی نەبوونە، ڕێکخراوە نیزامییەکان بەتایبەت سپای پاسداران کاریگەری زۆریان لەسەر بڕیاری سەرکۆمارەکانی ڕێژیم هەبووە.

سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە پاڵپشتی خامنەیی وەکوو فەرماندەی گشتی هێزە نیزامییەکان، وەکوو ڕێکخراوێکی مافیایی دەستی بەسەر هەموو پۆستەکان گرتووە و ترسی ڕێژیم لە بارودۆخی ناوچەکە و گوشارە جیهانییەکان وای کردووە، کە ڕێژیم لە ڕێگەی سپای پاسدارانەوە بە تەمایە حکوومەتێکی بە تەواوەتی نیزامی پێک بێنێت و دەنگۆی ئەوە هەیە، کە زۆربەی ئەو کەسانە کە وەها داخوازییەکیان هەیە دەیانەوێت قاسم سولێمانی وەکوو سەرکۆماری ڕێژیم دابنرێت.