کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەندین ئەندامی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران کوژران

22:42 - 20 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر فڕۆكەخانەی نیزامیی تی‌فۆر (T4) لە شاری حومسی سووریه، ١٤ نیزامی کوژران کە ژمارەیەکیان سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانن.

ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریه کە لە لەندەن ڕووداوەکانی شەڕی سووریە بەپێی بەڵگەکان ڕووماڵ دەکات، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە ١٤ کەسی نیزامی کە ژمارەیەکیان سەر بە سپای تێرۆریستی قۆدسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانن، لە ئەنجامی مووشەکبارانی فڕۆکەخانەی نیزامیی شاری حومس کوژراون.

تا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هیچ هەڵوێستێکیان لە بەرانبەر بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵەدا نەگرتووەتە بەر، بەڵام هەر لە یەکەم ڕاپۆرتەکانی کە لەبارەی هێرش بۆ سەر ئەو فڕۆکەخانە نیزامییە لە لایەن میدیاکانی ڕێژیمی سووریەوە بڵاو بووە، باس لەوە کرا کە ژمارەیەک کەس کوژرا و بریندار بوونە.

ڕێکخراوی چاوەدێریی مافەكانی مرۆڤی سووریه لە سەرەتاوە ئاشكرای كردبوو کە لەو بۆردمانەدا ١٤ كەس كوژراون و لە نێو كوژراوەكاندا ژمارەیەک ئێرانی ھەن.

بەپێی ڕاپۆرەتە بڵاوکراوەکان ئێستا دەرکەوتووه لە نێوان ١٤ کەسی نیزامیی کوژراو کە سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بوونە، ٤ ئەفسەری پلەبەرزی سپای تێرۆریستی قودس کوژراون کە شوناسیان بریتییە لە: عەمار موسەوی، مێهدی لوتفی نیاسەر، ئەکبەر زوارجەنەتی و مێهدی دێهقانی یەزدێلی.

بەپێی هەندێک سەرچاوەی دیکەش رێژەی کوژراوانی سەر بە ڕێژیم زیاترە بەڵام تا ئیستا شوناسیان ناڕوونە.

دوای ئەوەیکە تەلویزیۆنی فەرمیی سووریه بڵاوی كردبووەوە: شەوی ڕابردوو فڕۆكەخانەی نیزامیی تی‌فۆر لە حومس بۆردمان كراوە و ژمارەیەكی زۆر كوژرا و برینداری لێ کەوتووەتەوە، سەرچاوەیەکی نیزامیی ڕێژیمی ئەسەد باسی لەوە کردبوو، توانیویانە ھەشت مووشەک بەر لەوەی ئامانجەكان لە سووریە بپێكن، بتەقێننەوە.

سووریه، دەوڵەتی ئامریكای بە بۆردمانكردنی ئەو فڕۆكەخانەیه تۆمەتبار دەكات، بەڵام ئێستا باس لەوە دەکرێت ئیسرائیل ئەم هێرشە مووشەکیەی ئەنجام داوە.

هێرش بۆ سەر ئەو فڕۆکەخانەیە دوای ئەوە بووە، كە هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی سووریه بە گازی ژەهراوی شاری دوومایان لە ناوچەی غوتەی ڕۆژهەڵات بۆردمان کرد، کە بە هۆی ئەو هێرشە زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیان لە دەست داوە و نزیکەی هەزار کەسی دیکەش تووشی هەناسەبڕکێ و کێشە ناخ بوونە.