کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٠ لە سەدی خەڵکی سیستان و بەلوچستان بێکارن

16:22 - 21 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسێکی ڕێژیم لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، ئاماری دەوڵەتی سەبارەت بە بێکاری لەو پارێزگایەی، وەدرۆ خستەوە.

حوسەینعەلی شەهریاری، بە ناو نوێنەری زاهدان لە مەجلیسی ڕێژیم، ئاماری ١٣ لە سەدی دەوڵەت لەبارەی بیکاری لە سیستان و بەلوچستانی وە درۆ خستووە و باسی لەوە کردووە کە ڕێژەی بێکاری لەو پارێزگایە ٥٠ لە سەدە.

پارێزگای سیستان و بەلوچستان، لە بواری گەشەی ئابووری و دیاردەکانی وەکوو بێکاری، هەژاری و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاستی قەیراندایە و ڕێژیمی ئێران لە ڕاستای سیاسەتە نامرۆڤانەکانی و ستەمی نەتەوەیی، کەمترین گرنگی بە ژیانی خەڵکی ئەو پارێزگایە دەدات.

سیستان و بەلوچستان کە پارێزگایەکی پیشەیی نییە، بەشێکی زۆر لە خەڵک لە ڕێگەی ڕاوە ماسی و کاسبی لاوکیی سەر سنوورەکان تێچووی ژیانی خۆیان دابین دەکەن، کە لەوێشدا هاوشێوەی کوردستان ڕێژیم بە داخستنی سنوورەکان و تەقە کردن لە خەڵکی شارە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایە، پێش بە خەڵک دەگرێت.

لە لایەکی دیکەشەوە، خەڵکی شارە بەندەرییەکانی ئەو پارێزگایە لە ڕێگەی ڕاوی ماسی بژێوی ژیانی خۆیان دابین دەکەن، بەڵام بە هاتنی بەلەمە پێشکەوتووەکانی چین و هێندوستان بۆ ئاوەکانی ئەو ناوچەیە بۆ ڕاوە ماسی و کۆن بێکەڵک بوونی بەلەمی هاووڵاتییانی بەلوچ و پێشگیری ڕێژیم بۆ ڕاو لەو ناوچەیە، زۆر کەس لەو پارێزگایە بێکار بوون.