کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکەم کچی وەزنەبەرداری کورد بەشداری لە کێبڕکێ ئاسیاییەکاندا دەکات

16:25 - 21 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: بۆ یەکەم جار لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، کچێکی ڕشتەی وەزنەبەرداری توانی بڕواتە کێبڕکێی پاڵەوانییەی قاڕەی ئاسیا.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئێلناز باجەلانی کچە وەرزشوانی کورد، خەڵکی شاری کامیاران توانی لە کێبڕکێیەکانی پاڵەوانییەتی ئاسیا کە لە وڵاتی ئۆزبەکستان بەڕێوە دەچێت، بەشداری بکات.

ئێلناز باجەلانی لە یەکەمین خولی تۆمارکردنی ڕێکۆرد توانیبووی پلەی باش بە دەست بێنێت و دواتر ڕەوانەی کێبڕکێیەکانی دەرەوەی ئێران بکرێت.

کێبڕکێیەکانی وەزنەبەرداریی مێرمنداڵان و لاوانی کوڕ و کچی ئاسیا، ڕێکەوتی ٣١ی خاکەلێوە تا ١٠ی بانەمەڕی ئەمساڵ لە شاری ئورگەنجـی وڵاتی ئۆزبەکستان بەڕێوە دەچێت.

وەرزشوانانی کورد لە پارێزگاکانی کوردستانی رۆژهەڵات سەرەڕای هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی کە بەرەوڕوویان دەبێتەوە، لەوانەش نەبوونی ئیمکاناتی وەرزشی، بەردەوام لە کێبڕکێکاندا لە ئاستی جیهانی و ئێران، میداڵی ڕەنگاوڕەنگ وەدەست دێنن.