کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێزگرتن لە ١٠ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان لە وڵاتی هۆلەند

16:28 - 21 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە شاری دێنهاخی وڵاتی هۆلەند ڕێورەسمێکی بەشکۆ بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە شاری دێنهاخ بە بۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان ـ ڕۆژی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد وەک یەکەم سەرکۆماری کوردستان و هاورێیانی سەیفی قازی و سەدری قازی، بە بەشداری کۆمەڵێک لە کوردانی دانیشتووی هۆلەند، نوێنەرانی حیزبە کوردستانییەکان و بە هاوکاری کۆمیتەی هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکان کۆڕێک بەڕێوەچوو .

کۆڕەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد وکوردستان و بەتایبەتی شەهیدانی کۆماری کوردستان دەستی پێکرد.

لە بەشی یەکەمی ئەو ڕێوڕەسمەدا، مامۆستا ڕۆژدی کەسایەتی ئایینی و نیشتمانپەروەر، باسێکی لە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی کورد لە ڕۆژهەڵات و پەرتەوازەکردنی کورد لە لایەن دەسەڵاتداریی پاشایەتی بۆ ناوچەکانی دوور لە زێدی خۆیان کرد کە تا چ ڕادەیەک کاریگەری نێگەتیڤی لە دەروونی تاکی کورددا هەبووە.

ناوبراو لە بەشێکیتری وتارەکەیدا باسێکی لە سەر کەسایەتی قازی محەممەد و هەندێ لە تایبەتمەندییەکانی وەک هەستی نەتەوەیی، وشیاریی نەتەوەیی، یەکگرتوویی نەتەوەیی کە وەک بنەمای فیکری قازی محەممەد بووە و هەروەها باسێکی لە دکتۆر قاسملوو و دکتۆر شەرەفکەندی کرد کە چۆن گیانیان بۆ نەتەوەکەیان و ڕێبازی قازی دانا و تا دواهەناسەی ژیانیان درێژەیان بە ڕێبازەکەی دا .

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، وتارێک لە لایەن حەسەن مەجیدی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هۆلەند بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە پێشکەش بە بەشداربووان کرا کە ئاماژەی بە چۆنیەتی دامەزرانی کۆمەڵەی ژـ کاف و هەلومەرجی ئەو کات و گۆڕینی ناوەکەی و هۆکارەکانی بە حیزبی دێموکرات کرد.

مەجیدی ئاماژەی بە هەندێ لەو خاڵە ئەرێنییانە کرد کە چۆن لە سەردەمێکی ئەوسادا کە لە ماوەیەکی زۆر کورت و لە کۆمەڵگایەکدا کە زۆربەی خەڵک نەخوێندەوار بوون چەمکی دێموکراسی و پێشکەوتووییخوازی و هەستی نەتەوایەتی وا بە خێرایی لە نێو کۆمەڵگەی ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستان پەرەی سەندبوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا مەحموود ڕیشە بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی هۆلەند وتارێکی پێشکەشی ئامادە بووان کرد.
ڕێوڕەسمەکە بە دروشمی شەهیدان نامرن و رۆحیان شاد کۆتایی پێهات.