کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قسە و هەڕەشەکانی ڕوحانی لە ئامریکا

16:34 - 21 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕێژیم، وێڕای هەڕەشە لە ئامریکا، بەڵێنی داوە کە لە ئەگەری شکستی بەرجام هیچ کێشەیەک بۆ خەڵکی ئێران نایەتە پێش.

لە حاڵێکدا ڕۆژانە بە هۆی داڕمانی ئابووریی وڵات و ئەستەم بوونی ژیان خەڵک لە ئێران دێنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتی دەردەبڕن، سەرکۆماری ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە لە ئەگەری کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام هیچ کێشەیەک بۆ خەڵک نایەتە پێش.

حەسەن ڕووحانی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی ڕایگەیاند: لە ئەگەری کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام ئێمە وڵامێکی زۆر توندی پێ دەدەینەوە کە لەو بڕیارەی خۆی پەشیمان ببێتەوە.

ڕوحانی هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە پاش چوونە دەرەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، ئێمە بە هەموو تێکنۆلۆژیا و هێزمانەوە دەست دەکەین بە پیتاندنی ئۆرانیۆم و هەموو چەکێکیش دروست دەکەین.

ناوبراو لەو بارەوە وتوویەتی: بەبەراورد لەگەڵ دوو ساڵ لەمەو پێش ئێمە زۆر لە بواری پێشکەوتنە زانستییەکاندا پێش کەوتووین و توانیومانە لەو ماوەیەدا ١٢٠ دەسکەوت وەدەست بێنین.

ئەو هەڕەشانەی ڕوحانی لە حاڵێکدان، کە دەنگۆی کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، بازاڕەکانی ئێرانی تووشی ناسەقامگیری کردووە و هەر دۆلارێکی ئەمریکی تا ئاستی ٦٠٢٠ تمەن لە بازاڕەکانی ئەو وڵاتەدا بەرز بوویەوە.