کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتی دووبارەی جووتیارانی ئیسفەهانی لەهەمبەر کەم‌ئاوی

16:54 - 21 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: جووتیارانی ڕۆژئاوای ئیسفەهان، لەسەر کێشەی ئاو لەو ناوچانە، دیسان دەستیان کردەوە بە خۆپیشاندان.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، بەشێکی زۆر لە جووتیارانی ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئیسفەهان، لە هەمبەر قەیرانی ئاو و دابەش‌نەکردنی ئۆسوولی ئاو لەلایەن بەرپرسانەوە ناڕەزایەتییان دەربڕی
لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا، ئەم جووتیارانە بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠ ڕۆژ درێژەیان بە خۆپیشاندانەکانیان دا و تەنانەت چەندین ڕۆژ لە نێو شاری ئیسفەهان کۆبوونەوەی نارەزایەتییان وەڕێخست، بەرپرسانی ڕیژیمیش لەو کاتەدا بەڵێنیان دا کە کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵام تا ئێستە هیچ ڕێگە چارەیەک بۆ کۆتایی هێنان بەم قەیرانە نەبیندراوەتەوە.

کارناسانی ژینگە لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران، لەو باوەڕەدان کە کێشەی ئاو و وشکەساڵی لە ئێران لە ئاستی قەیراندایە و ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەگەری شەڕی ئاو لە ئێراندا بوونی هەیە و دەبێتە هۆی کۆچ کردنی بەشێکی زۆری خەڵک لە ناوچە کەم ئاوەکان.

هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، ڕایانگەیاندووە کە لە زۆربەی ناوچەکانی ئێران، کێشەی کەم ئاویان بۆ چارەسەر نابێت و ناتوانن ژیانی خەڵک لەو ناوچانە گەرەنتی بکەن؛ گومانی ئەوەش لەئارادایە کە لە چەند ساڵی داهاتوودا هیچ گیانلەبەرێک نەتوانێت لەو ناوچانەدا بژیت.

ئەم دۆخە نالەبارە هاوکاتە لەگەڵ ئەگەری جیرەبەندی کردنی ئاو لە ئێراندا؛ ڕەزا ئەردەکانیان، وەزیری وزەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە پرێس‌کۆنفڕانسێکدا، باسی لەوە کردبوو کە بە هۆی کەم‌ئاوی، ئەگەری زۆری هەیە کە ئەمساڵ پچڕانی ئاو و کارەبا لە ئێراندا ڕوو بدات.