کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆماری بێوێنەی تەڵاق لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی لە ئێران

18:10 - 23 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی تۆمار کردنی باری کەسییەتی ڕێژیم، ئاماری تەڵاقی لە ساڵی ڕابردوو بڵاو کردووە کە لە ساڵی ١٣٤٤ی هەتاوییەوە هەتا ئێستە بێوێنە بووە.

بە پێی ئاماری ڕێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسییەتی ڕێژیمی ئێران، ئاماری پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی بە نیسبەت ساڵی پێشتری ٨ لەسەد کەمی کردووە و ١٧٥ هەزار حاڵەتی تەڵاقیش تۆمار کراوە، کە ئەو ڕێژەیە لە ساڵی ١٣٤٤ی هەتاوییەوە تا ئێستە، بێوێنە بووە.

بە پێی ئامارەکان، ساڵی ڕابردوو ٦٠٩ هەزار حاڵەتی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش تۆمار کراوە کە لەو ڕێژەیە، ١٧٥ هەزاریان تێک چووە و تەڵاقیان وەرگرتووە، واتە لە ڕێژەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش ٢٩ لەسەدی تەڵاق وەردەگرن.

کارناسان و ئیدارەکانی پێوەندیدارسەبارەت بە هۆکارەکانی زۆربوونی ڕێژەی تەڵاق لە ئێران بە ڕوونی باس لە هیچ شتێک ناکەن و تەنانەت دەیانهەوێت بە شاردنەوە و باس نەکردن، ئەو قەیرانە بشارنەوە.

قەیرانە ئابوورییەکان و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی وەک: هەژاری، بێکاری، گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و بێ‌هیوایی بە داهاتوو، لە هۆکارە سەرەکییەکانی تێکچوونی ژیانی هاوبەشن لە ئێراندا.