کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوسوور کردنەوەکانی ڕێژیمی ئێران و هێرشەکانی ئیسرائیل

16:38 - 22 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ئیسرائیل بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە، کە ئیزن نادات ڕێژیمی ئێران لە سووریە بمێنێتەوە، هاوکات ئێرانیش دەستی داوەتە هەڕەشە و چاوسوور کردنەوە لە ئیسرائیل.

بەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خاکەلێوە، فڕۆکەخانەی سەربازی تیفووری سووریە، لە لایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیلەوە کرا ئامانج و لەو بۆمبارانەدا حەوت پاسداری ڕێژیمی ئێرانیش کوژراون.

عەلی‌ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردووە و ڕایگەیاندووە، کە ئەو هێرشەی ئیسرائیل بێوڵام نامێنێتەوە.

ناوبراو سەبارەت بە هۆکارەکانی هێرشی فڕۆکەکانی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە، کە سەرکەوتنەکانی ئێمە و سپای ئەسەد لە شەڕی غووتەدا ئامریکا و ئیسرائیلی تووڕە کردووە.

ئاویگدێر لیبرمەن، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە لە بەرزاییەکانی گوڵان، لە پرێسکۆنفڕاسێکدا ڕایگەیاندووە: ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک بەردەوامی و مانەوەی ئێران لە سووریە قەبووڵ ناکات.

هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە، کە بە هەموو شێوەیەک لە سەرکوتی نەیارەکانی ئەو وڵاتە، هاوکار و یاریدەدەری بەشار ئەسەدن، چەند ڕۆژ پێشتر لە هێرشەکانیان بۆ سەر شاری دووما لە ناوچەی غووتە، چەکی کیمیاویان بەکار هێناوە، لەو هێرشە کیمیاوییەدا بە سەدان خەڵکی سڤیل و ژن و منداڵی بێتاوانیان کوشتووە.

ئەو تاوانەی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و بەشار ئەسەد بووەتە هۆی تووڕەیی وڵاتانی جیهان، بەڵام هەنووکەش ڕووسیە هەر بڕیارێکی جیهانی دژ بە بەشار ئەسەد ڤێتۆ دەکات.