کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتی دەربڕین لە دەسپێکی ساڵی نوێ لە سەرتاسەری ئێراندا

22:33 - 22 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: بە هاتنی ساڵی نوێ، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی دەربڕینی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگا، لە سەرتاسەری ئێراندا دەستی پێکردووە.

لە زۆر شاری ئێراندا، کرێکاران و کارمەندان و وەزێڕان لە دەسپێکی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە مانگرتن و خۆپیشاندان لە هەمبەر وەرنەگرتنی چەندین مانگە مووچە و کێشە ئابوورییەکان و هەروەها ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر داخرانی کارخانەکان و بێکاربوونی هەزاران کەس و کێشەی کەمئاوی بۆ وەرزێڕان، شەپۆلێکی نۆیی خۆپیشاندان لە سەرتاسەری ئێران دەستی پێکردووە و درێژەی هەیە.

ئەو چین و توێژانەی کە دەستیان داوەتە مانگرتن و خۆپیشاندان، ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەمبەر کەمتەرخەمییەکانی بەرپرسانی ڕێژیم و بیرنەکردنەوەیان لە ژیان و داهاتووی خەڵکە و ڕووی سەرەکیی ناڕەزایەتییەکانیان بەرەوڕووی ڕێژیمی ئێرانە و داوای چارەسەریی کێشەکانیان دەکەن.

چینی کرێکار لە چەندین شاری ئێران وەکوو: کرێکارانی دەرکراوی ئەهواز، کرێکارانی ئاگرکوژینەوەی نەوت و گازی عەسەلوویە، کرێکارانی کارخانەی ڕۆنی نەباتیی غونچە و کرێکارانی شارەوانی حەمیدیە لە مازەندەران، کرێکارانی متالۆژی پوودری قەزوین، نەساجی خامنە لە ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، کارخانەی پرۆفیلی ساوە و...هتد.

لە دەیان شاری دیکەی ئێران کرێکاران کارخانەکان و کارمەندانی ئیدارەکان، لەسەر کێشەی بژیوی ژیان، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و بەشێکی زۆر لەم خۆپیشاندانانە لە کوردستان بەڕێوە چووە.

کرێکارانی کارخانەی پۆڵای ورمێ، کە لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، سەبارەت بە وەرنەگرتنی چەند مانگ مووچە ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو، دوای کۆتاییهاتنی پشووی نەوروز بە کۆبوونەوە لە بەرامبەر پارێزگاریی ورمێ دیسان درێژەیان بە ناڕەزایەتییەکانیان داوە.

هەروەها کاسبکارانی شارە سنوورییەکانی سەقز، بانە، مەریوان و جوانڕۆ، لە هەمبەر داخرانی سنوورەکان، بە داخستنی دووکانەکانیان، دەستیان داوەتە مانگرتنی سەرتاسەری.

هەروەها لە پارێزگای کرماشانیش، ئاژەڵدارانی شاری سەرپێڵی‌زەهاو، کە بە هۆی بوومەلەرزە بەشێکی زۆر لە ئاژەڵەکانیان لەنێو چبوون و ڕێژیم بەڵێنی دابوو کە خەسارەکان قەرەبوو دەکات، بەڵام بە کردەوە ڕێژیمی ئێران دوای تێپەڕبوونی زۆرتر لە ٥ مانگ هێشتا خەسارەکانی ئاژەڵدارانی قەرەبوو نەکردووە و ئاژەڵدارانیش دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی دەربڕین.

جێگەی ئاماژەیە، کە ئەم خۆپیشاندانانە پێشەیییانە و زۆر خۆپیشاندانی دیکە کە لە سەرتاسەری ئێراندا بەڕیوە چووە، بەگشتی نارەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێرانن، کە نموونەی هەرە گرنگیان خۆپیشاندانەکانی ئەهوازە، کە بە مەبەستی داکۆکی کردن لە مافە نەتەوەیییەکانین بووە.