کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران یەکێکە لە مەترسیدارترین وڵاتانی جیهان بۆ کاروباری بازرگانی

17:08 - 26 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: کۆمپانیایەکی بیمەی بازرگانی، لە هەڵسەنگاندنێکیدا لەمەڕ ڕێژەی پارێزراوبوونی بازرگانی لە جیهاندا، ئێرانی وەکوو مەترسیدارترین وڵاتی جیهان بۆ بازرگانی ناساندووە.

کۆفەس کۆمپانیای بیمەی بازرگانیی دەرەوەی فەرانسە، لە نوێترین هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ ساڵی ٢٠١٨ی زایینی، سەبارەت بە ڕێژەی پارێزراوبوونی سەرمایە و بازرگانی لە ئاستی جیهان بڵاوی کردووەتەوە، ئێران یەکێک لە مەترسیدارترین وڵاتانە لە ئاستی جیهاندا بۆ کاروباری بازرگانی.

بە پێی ئەو هەڵسەنگاندنە و بە لێکۆڵینەوە لەسەر مەترسییەکان و ئاڵووێرەکان و هەروەها سەرمایەدانان لە ئاستی جیهان و هەڵسەنگاندنی چالاکی کۆمپانیا و بانکە زەبەلاحەکان، ئێران لە ڕیزی پازدە وڵاتی یەکەمە کە زۆرترین مەترسییان هەیە بۆسەر سەرمایەی بازرگانەکان.

کۆمپانیای کۆفەس، یەکێک لە گرنگترین کۆمپانیاکانی بیمەی بازرگانییە لە ئاستی جیهاندا کە پاڵپشتی سەرمایەدانانی بازرگانانی لە سەرانسەری جیهان دەکات و هەموو ساڵێک بە هەڵسەنگاندن، باشترین و مەترسیدارترین وڵاتەکان بۆ سەرمایەدانان و بازرگانی دیاری دەکات.

بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە لەحاڵێکدایە کە بناغەی ئابووریی ڕێژیمی ئێران لە حاڵی ڕوخاندایە، بازرگانی لەو وڵاتە گەیشتووەتە ئاستی بێسەروبەرەیی، کۆنترۆڵی بازاڕی دراو لە دەستی ڕێژیمدا نەماوە کە کۆی ئەم پرسانە وێڕای سیاسەتی دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکە بوونەتە هۆکارگەلێک بۆ ئەوەیکە بازرگانی جیهانی لەو وڵاتەدا ببێتە خاڵی مەترسی.