کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەمسەری هەنجیری ڕەش لە ئێران تینووی ئاوە

17:59 - 26 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: باخاتی هەنجیری ڕەشی لوڕستان بە هۆی بێ ئاوی لە بەرەبەری لەناوچووندایە و هەڕەشە لە وەرزێرانی لوڕستان دەکات.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، لوڕستان کە وەک جەمسەری هەنجیری ڕەش لە ئێراندا ناسراوە، ٧٠٠ هێکتار لە باخەکانی ئەو پارێزگایە بە هۆی بێ ئاوی لە بەرەبەری لە ناوچووندایە.

ناوچەکانی زیودار و بێن لاری پۆلدۆختەر سەر بەم پارێزگایە ٧٠٠ هێکتار باخی هەنجیری هەیە و وەرزێڕانی ئەو ناوچەیە ماوەی ٦٠ ساڵه سەرقاڵی باخداریی هەنجیرن بەڵام ئێستا بێ ئاوی هەڕەشە لە باخات و وەرزێڕان دەکات.

گوندەکانی بێن لار، تاقی عەباسعەلی، سەرنجه، ژێرئەنبار، لیتبڕ و سەرئاسیابانـی شاری پۆلدۆختەری ئەو پارێزگایە ٥ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە کە ٣ هەزار کەس کاری باخداری دەکەن.

به هۆی وشکەساڵی لە ئێراندا و نەبوونی بەرنامەی تۆکمە لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ بەرەنگاربوونەی وشکەساڵی و وشکبوونی کانی گەرمابە لە پارێزگای لوڕستان باخاتی ئەو ناوچانە لە بەرەبەری لەناوچووندان.

هاشم تەرحانی ئەندامی شۆرای سەرنجە لەو پێوەندییەدا باسی لەوە کردووە کێشەی بێ ئاوی لەو ناوچەیە جیددیە و وەرزێڕان ٢ ڕۆژ جارێک ماتۆڕی ئاو هەڵدەکەن تا باخەکان ئاودێری بکەن و وادەی بەرپرسانیش بۆ چارەسەریی بێ ئاوی تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.

ناوبراو باسی لەوەش کردووە، وەرزێڕان ماوەی ١٠ ساڵە داوا لە بەرپرسان دەکەن بەنداوێکی خاکی لە سەر ئاوی مادیان دروست بکەن بەڵام کەس گوێی بە قسەی ئەوان نەداوە.

پێشتریش نیسبەت بە کێشەی بێ ئاوی و لەناوچوونی باخاتی هەنجیری ئەو ناوچەیە هۆشداری درابوو، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم بە شێوەی سیستماتیک لە ناوچە غەیرە فارس نشینەکان کار ناکەن.