کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل دژی ڕێژیمی ئێران لە سووریه درێژه بە کردەوەکانی دەدات

22:26 - 26 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: وەزیرەکانی کابینەی ئیسرائیل ئامادەگیی خۆیان دەربڕیوە کە دژی ڕێژیمی ئێران لە سوورریه پەرە بە هەوڵەکانیان دەدن و پێش بە زێدەخوازییەکانی ئەو ڕێژیمە دەگرن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، وەزیرانی کابینەی ئیسرائیل لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕاگەیاندنە نێوخۆییەکانی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندووە، هەوڵ و کردەوکانیان دژی ڕێژیمی ئێران لە سووریه چڕتڕ دەکەنەوە.

گیلا ئەردان، وەزیری ئەمنییەتی نێوخۆیی ئیسرائیل باسی لەوە کردووە، ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل هەڕەشەیە و ئێمە بۆ پێشگرتن لە زێدەخوازییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریەدا، درێژە بە کارەکانی خۆمان دەدەین.

هاوکات نەفتلی بێنت وەزیری ڕاهێنانی ئیسرائیلیش گوتوویەتی، ئێسرائیل ئازادیی تەواوی لە باری کردەوەدا هەیە و ئێمە ئیزن بە ڕێژیمی ئێران نادەین لە سووریەدا جێگیر بێت و سنوورەکانی باکووری ئێمە ببێتە جێگای ڕمبازێنی ڕێژیمی ئێران.

هەر لەو پێوەندییەدا، هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی سووریە بڵاویان کردووەتەوە، ته‌قینه‌وه‌یه‌كی به‌هێز لە پایەگایەکی نیزامیی ئەسەد لە باشووری شاری حەلەب ڕووی داوە كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ڕێژیمی ئێران له‌و بنكه‌یه‌دا جێگر ببوون.

ڕۆژنامەی ئورشەلیم پۆست لەو باریەوە بڵاوی کردووەتەوە کە فڕۆکەیەکی ئیسرائیلی پایەگایەکی ڕێژیمی ئێرانی بۆردومان کردووە.

لەو پێوەندییەدا، نوێنەری هەمیشەیی ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێداگری لە سەر سیاسەتەکانی وڵاتەکەی بەرامبەر بە وەزعی سووریە کردووەتەوە و وتوویەتی: ئەگەر ڕێژیمی سووریە دیسانەوە گەمژەیی جاری پێشووی دووبارە بکاتەوە ئەوا ئێمە ئامادەین تاکوو هێرشی بکەینەوە سەر.

ئەو لێدوانەی وەزیرانی کابینەی ئیسرائیل لە کاتێکدا باس دەکرێت کە حەوتووی ڕابردوو ئیسرائیل هیرشی کردە سەر پایەگایی نیزامیی سووریه و لە ئەنجامدا ٧ پاسداری ڕێژیم کوژران.