کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانیشتنی یەکیەتیی عەرەب و دژایەتی کردنی ئێران

16:19 - 27 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: یەکێک لە باسە سەرەکییەکانی دانیشتنی یەکیەتیی عەرەب، ڕێژیمی ئێران و پاڵپشتییەکانی لە تێرۆریزم بووە.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٥ی ئاڤریلی ٢٠١٨ی زایینی، مەلک سەلمان، پاشای عەرەبستان لە لێدوانی دەسپێکی دانیشتنی بەرپرسانی عەرەب، بە ئاماژەکردن بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە، داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کرد، کە لە بەرامبەر کردەوەکانی ڕێژیمی ئیران لە ناوچەکە دژکردەوەیان هەبێت.

لە دانیشتنی یەکیەتیی عەرەب، یەکێک لە باسە هەرە سەرەکییەکان ئەمنییەتی ناوچەکە بووە و باس لەسەر ڕیژیمی ئێران کراوە، کە بە پاڵپشتی کردن لە تێرۆریزم، ئەمنییەتی وڵاتانی ناوچەکەی تێکداوە و تێرۆریزمیان وەکوو گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی عەرەب و وڵاتە ئیسلامییەکان زانیوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا دوای تەواوبوونی دانیشتنی یەکیەتیی عەرەب، عادل ئەلجوبەیر، وەزیری دەرەوەی عەرەبستان، لە پرێسکونفڕانسیکدا، ڕێژیمی ئێرانی بە بۆنەی پاڵپشتی کردن لە حووسییەکان و دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکە مەحکووم کرد و ئاماژەی بەوە کردووە، کە ڕێژیمی ئێران دەیەوێت بە ئاژاوەی فرقەگەرایی ناوچەکە تووشی شەڕ بکات.

لەو دانیشتنەدا داوا لە ئێران کراوە، کە لە وڵاتانی عەرەب بچێتە دەرەوە و کۆتایی بە دەستێوەردانەکانی و پاڵپشتی کردن لە گرووپە تێرۆریستییەکان بهێنێت و ڕێز لە وڵاتانی دەراوسێ بگرێت.