کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٢٠ کرێکاری دیکە لە شاری سەقز بێکار کران

16:24 - 27 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: کارخانەی قەندی کوردستان هەڵکەوتوو لە شارەکی پیشەیی شاری سەقز، بەهۆی بارودۆخی نالەباری ئابووری نیزیک بە ١٢٠ کەس لە کرێکار و پێرسۆنێلی کارخانەکەی دەرکرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە حاڵێکدا شاری سەقز هاوشێوەی زۆربەی شارەکانی کوردستان بە دەست قەیرانی بێکارییەوە دەناڵێنێ و ڕێژەیەکی زۆر کەم، یەکەی بەرهەمهێنەر لەم شارەدا بوونی هەیە، بەهۆی پشتیوانی نەکردنی رێژیم لە سەرمایەدانەرانی ئەم ناوچە، بەڕێوەبەرانی کارخانەی قەندی کوردستان ناچار بوون ١٢٠ کەس لە پێرسۆنێلی کارخانەکە لەسەر کارەکانیان دەر بکەن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە سەقزەوە ڕایگەیاندووە ئەم کارخانە کە نیزیک بە ٢٣٠ پێرسۆنێلی هەبووە لە ساڵدا توانای بەرهەمهێنانی نیزیک بە ٤٠ هەزار تۆن قەندی بوو، بەڵام بەهۆی ئەو گرفتانەی کە دەوڵەت بۆی ساز کردوون ناچار بوون بەشێکی بەرچاو لە ڕێژەی بەرهەمەکەیان دابەزێنن و لەم راستایەشدا زیاتر لە نیوەی کارگێڕەکانیان نانبڕاو بکرێن.

یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەم کارخانە بە هەواڵنێری کوردستان میدیای راگەیاندووە هۆکاری کەمکردنەوەی چالاکییەکانی کارخانە و دەرکردنی کرێکارەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وەزارەتە پێوەندیدارەکانی وەک جیهاد و کۆمپانیا بەستراوەکان بەم وەزارەتخانەیە، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی ڕانتی هاوردەکردنی شەکەر و بۆ بردنەسەری قازانجەکانی خۆیان، سەرمایەدارانیان خستووەتە بارودۆخێکی زۆر ئەستەمەوە؛ ئەوانیش بۆ کەمکردنەوەی زیانە سەپێنندراوەکان ناچار بوون کە بڕیاری لەم چەشنە بدەن.

بەشێک لە کارناسانی ئابووریی ئێران پێیان وایە چەند هۆکاری سەرەکی داخرانی کارخانەکان و یەکە بەرهەمهێنەرەکان لە ئێران و بەتایبەت لە کوردستان بریتین لە: گووشاری ماڵیاتی بەپێی ماددەی ١٦٩، مەندی بازاڕ و بیاڤی ئابووری، هەڵکشان و داکشانی نرخی ئەرز.

بەپێی دوایین زانیارییەکان وەزارەتی جیهادی رێژیم لە ساڵانی ڕابردوودا بەتەواوی لەهەوڵی ئەوەدا بووە کە دەس بەسەر بازاڕی شەکەردا بگرێت کە ماددەی خاو و سەرەکی کارخانەگەلی قەندە، تاکوو بەم‌شێوەیە سەرمایەدانەران ناچار بکات ملکەچی بڕیاراتی ئەوان بن و نەتوانن بۆ خۆیان ماددە خاوەکان لە بازاڕدا دابین بکەن.