کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئامریکا داوای هەڵویستی توندتر دژی ڕێژیمی ئێران دەکەن

17:25 - 27 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: لە دوای هێرشی ئامریکا، فەڕانسە و بریتانیا بۆ سەر ڕێژیمی ئەسەد، بەرپرسانی پلەبەرزی ڕۆژئاوایی و ئامریکایی داوای هەڵوێستی توندتر دژی ئەو ڕێژیمە دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئامریکا بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوە دژی دەستێوەردان و ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا، داوایان کردووە کە گوشاری زیاتر بخرێتە سەر ڕێژیمی ئێران.

ئێد ڕۆیس سەرۆکی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا، باسی لەوە کردووە، دەبێ کۆمەڵگەی جیهانی بۆ سەقامگیریی ناوچەکە گەمارۆی ئابووریی دژی ڕێژیمی سووریە و هاوپەیمانەکانی واتە ئێران و ڕووسیە پەسەند بکات.

ڕۆیس باسی لەوە کردووە، ئەگەر پێش بە ڕێژیمی ئێران نەگیرێت، ئەو ڕێژیمە چەکوچۆڵ و هێزی نیزامی هەتا سنوورەکانی ئیسرائیلیش دەباتە پێشەوە.

ناوبراو لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی فاکس نیوزدا ڕایگەیاند، کە هەموو وڵاتانی ناوچەکە لەسەر چارەسەریی قەیرانی سووریە ڕێککەوتنیان هەیە، تەنیا ڕێژیمی ئێرانه دژی چارەسەریی کێشەی سووریەیە.

هاوکات سێناتۆر جان مەککین، سێناتوری کۆماریخواز لە ئییالەتی ئاریزۆنا و بەرپرسی کۆمیتەی خزمەتگوزاریی هێزە چەکدارەکانی سەر بە سێنێت، دوای هێرش بۆ سەر سووریە لە لێدوانێکدا وتوویەتی: پەیامەکە بۆ ئەسەد دەبێ ئەوە بێت، کە سەرئەنجامی بەکارهێنانی چەکە کیمیاییەکان خراپتر لە هەر بەرژەوەندییەکە کە ئەو پێی وایە وەدەستی دێنێت. پەیامەکە ئەوەیە کە ئامریکا و هاوپەیمانانمان ئەو ئیرادە و تواناییەمان هەیە درێژە بەو کردارانە بدەن، کە بەهایەکی زۆر بۆ ئەسەد هەڵدەگرێت و ئێران و ڕووسیه ناتوانن، لە بەرامبەر وڵامێک بۆ بە سزادانی ئەسەد و پاراستنی ئەو سەرکەوتووبن.

ڕۆژی یەکشەممەش ڕێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، وەزیرانی کابینەی ئیسرائیل، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕاگەیاندنە نێوخۆیییەکانی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندووە، هەوڵ و کردەوەکانیان دژی ڕێژیمی ئێران لە سووریه چڕتر دەکەنەوە.

لەو بارەوە \'\'نیکی هێڵی نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بارەی بەرەنگاربوونەوە دژی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا جەختی کردەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، عادل ئەلجوبه‌یریش، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى سعوودیه‌، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ دواى كۆتاییهاتنى کۆبوونەوەی عه‌ره‌بیى زه‌هران، ڕاگه‌یاند: کۆبوونەوەکە داواى چاره‌سه‌ریی ئاشتییانه‌ى بۆ سووریه کرد و لەو دانیشتنەدا ئیدانه‌ى پشتیوانی كردنى ڕێژیمی ئێران له‌ حووسییه‌كانى یه‌مه‌ن كرا و نیسبەت به ده‌ستێوه‌ردانه‌كانى ڕێژیمی تاران له‌ كاروبارى وڵاتانى عه‌ره‌بیدا هۆشداریان داوە.

لە دوای هێرشی سێ وڵاتی ئامریکا، فەڕانسە و بریتانیا بۆ سەر ڕێژیمی ئەسەد، بەرپرسانی وڵاتانی ئامریکایی، ڕۆژئاوایی و عەرەبی داوا دەکەن، کە دژی ڕێژیمی ئێران توندتر هەڵوێست بگرن.