کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەکانی ڕیژیمی ئێران بۆ لەنێوبردنی ئیسرائیل

17:42 - 28 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕیژیمی ئێران، لە یەکەمین کاردانەوەیان پاش هێرشی ئیسرائیل و ئامریکا بۆ سەر سووریە، هەڕەشەی سزادانی ئیسرائیل دەکەن.

بەهرام قاسمی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە پرێسکۆنفراسێکدا وڵامی پرسیاری هەواڵنێرانی دایەوە.

قاسمی لەو پرێسکۆنفراسەدا هەڵویست و وڵامی کۆماری ئیسلامی بە نیسبەت هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سووریە و کوژرانی چەندین پاسداری ئێرانی لەو وڵاتە ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە: درەنگ یان زوو وڵامی پێویست بە ئیسرائیل دەدەینەوە.

ناوبراو هەروەها وتوویە: کاتی پەلاماردان و خۆدەرباز کردنی ئیسرائیل بەسەرچووە، هێزەکانی بەرگریی ئێمە کە لە ناوچەکەدا جێگیرمان کردوون، توانایی وڵامدانەوەی گونجاویان هەیە، ئێمە لەو بارەیەوە هەندێ پلانمان بۆ سزادانی ئیسرائیل داناوە.

عەلائەدین بروجردیش بەرپرسی کۆمسیۆنی ئەمنییەتی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی ڕێژیم، کە بڕیارە لەم ڕۆژانە سەردانی سووریە بکات، ڕایگەیاندووە: بە هەموو هێزمانەوە و زۆر زیاتر و بەهێزتر لە جاران لەگەڵ ئەسەد دەمێنینەوە و بەرگری لە سووریە دەکەین.

تۆماس فریدمەن، بیردۆزی ئامریکایی لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز بڵاو بووەتەوە نووسیویەتی: ئەگەرچی هەتا ئێستە کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسرائیل زۆر بە بێدەنگی و بە نیابەتی شەڕیان لەگەڵ یەکتر دەکرد، بەڵام لەمەوبەدوا لە سووریە ڕاستەوخۆ شەڕی یەکتر دەکەن.