کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیە پێش بە چاوەدێران دەگرێت، هەتا سەردانی شوێنە کیمایی‌بارانەکانی سووریە نەکەن

22:30 - 28 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ئامریکا، ڕووسیە بەوە تۆمەتبار دەکات، کە بۆ دەستکاری کردنی بەڵگەکان، لەو ناوچانەی کە کیمیاییباران کراون، پێش لە چاوەدێرانی نێونەتەوەیی دەگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕوویترز، لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیی ڕێکخراوی پێشگیری لە بەکارهێنانی چەکە کیمیایییەکان، لە لاهەی هولەند، کێنێت وارد نوێنەری ئامریکا لەو ڕێکخراوەدا، باسی لەوە کردووە، کە سەبارەت بە سەردانی ڕووسەکان لە شاری دووما لە سووریە بەڵگەیان هەیە.

بەشێک لە وتەکانی ئەو نوێنەرەی ئامریکا، لە ڕاپۆرتی ڕوویترز بڵاو کراوەتەوە، کە نیگەرانی خۆی لە هەمبەر ئەوەی کە ڕووسیە بە پێشگرتن لە چاوەدێران دەیەوێت بەڵگەکان لە ناوچە کیمیایی لێدراوەکان لەنێو ببات، دەربڕیوە.

ئامریکا، فەڕانسە و بریتانیا، ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە ئوپراسیۆنێکی هاوبەش، هێرشی مووشەکیان کردە سەر چەندین بنکەی نیزامی سووریە، کە پاشکەوتخانەی چەکی کیمیایی بوون، ئەو ئوپراسیونەش لە وڵامی هێرشی کیمیایی ڕێژیم ئەسەد بۆ سەر شاری دووما بووە.

ئەو سێ وڵاتە لەو باوەڕەدان، کە ڕێژیمی ئەسەد بە دژی خەڵکی خۆی چەکی کیمیایی بەکار بردووە، بەڵام ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە، بە پاڵپشتی کردن لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد، ئەو شتە بە تۆمەتی وەپاڵدراو دەزانن.