کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزشی ئێران بووەتە قوربانیی سیاسەتە چەوتەکانی ڕێژیم

22:32 - 28 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی گەڕانەوەی یەکێک لە یاریزانەکانی تۆپیپێ بۆ ڕێزی تیمی نیشتمانی، سەرۆکی فیدراسیۆنی ئەو یارییەی بانگهێشتی بەناو داداگایەکی ڕێژیم کراوە.

دوو کەس لە یاریزانەکانی تیمی نیشتمانیی تۆپیپێ، بە ناوەکانی مەسعوود شوجاعی و ئێحسان حاج‌سەفی بە هۆی یاری کردنیان لە تیمی یوونان لە هەمبەر تیمی ئیسرائیل، نزیک بە ٩ مانگ لە یاری کردن لە تیمی نیشتمانی ئێران بێبەری کرابوون.

هەر بەم بۆنەوە یەکێک لە بەناو دادگاکانی ڕێژیم، مەهدی تاج سەرۆکی فیدراسیۆنی یاریی تۆپیپێی بانگهێشت کردووە و لەو پێوەندییەدا لێپرسینەوەی لێ کراوە.

یاری کردنی مەسعوود شوجاعی و ئێحسان حاج‌سەفی لە هەمبەر تیمی ئیسرائیلدا، لە لایەن ڕاگەیاندنەکانی سەر بە ڕێژیمەوە، کاردانەوەی نەرێنی لێ کەوتەوە، هەروەها محەممەدڕەزا داوەرزەنی جێگری وەزیری وەرزش لە لێدوانێکدا ئەم کارەی بە بەزاندنی هێڵی سووری نیزام ناو بردووە و وتبووی: ئەو کەسانە لە تیمی نیشتمانی هیچ جێگایەکیان نییە.

پاش ئەوەی کە ئەم دوو کەسە لە لایەن بەرپرسانی وەرزشی ڕێژیمەوە، لە یاری کردن لە تیمی نیشتمانی بێبەری کرابوون، لە لایەن فیدراسیۆنی جیهانیی تۆپیپێ فیفا، داوای لە فیدراسیۆنی تۆپپێی ئێران کراوە، کە لەو بارەوە ڕوونکردنەوە بدەن.

بەرپرسانی ڕێژیم لەم بارەوە لەسەر ئەو باوەڕەن، کە ئامانجیان لەو بەرنگارییانە پشتیوانیی لە خەڵکی فلستینە.

لەم پێوەندییەدا، هەروەها ڕەسووڵ خادمیش، سەرۆکی فیدراسیۆنی یاریی زۆرانی ئێران، ڕۆژی دووشەممە، لە نامەیەکدا بۆ شۆرای بەرزی ئەمنییەتی نیشتمانی، سەرەڕای هۆشداری لە مەڕ مەترسیی هەلپساردنــی یاریی زۆرانی ئێران، داوای ئەوەی کردووە، کە وەزارەتی دەرەوە لە پێوەندییەکانی خۆی لە کۆمیتەی نێونەتەوەیی ئۆلەمپیک بۆ پشتیوانیی لە زۆرانبازانی ئێرانی کەڵک وەربگرێت.