کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوی جەیشولعەدل ئۆپراسیۆنێکی دژی ڕێژیمی ئێران ئەنجام دا

23:16 - 28 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: هێزەکانی ڕێکخراوی جەیشولعەدل کە دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ مافەکانی خۆیان خەبات دەکەن، لە ئۆپراسیۆنێکدا ٨ کەس لە هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانیان کوشت.

ڕێکخراوی جەیشولعەدل لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە هێزەکانی ئەو ڕێکخراوەیە، لە گوردانی مەولەوی نێعمەتوڵڵا تەوحید ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی لە ناوچەی میرجاوە، نیوان وش آپ و تالاب، هێرشیان کردووەتە سەر پایەگایەکی نیزامیی هێزەکانی ڕێژیمی ئیران.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە ئەو پایەگایە دەستی بە سەر داگیراوە و لە ئەنجامدا ٨ کەسیش لە هێزەکانی ڕێژیم کوژراون.

بەپێی ئەو راگەیەندراوە هێزەکانی جەیشولعەدل هەر لەو ئۆپراسیۆنەدا، لە سەر ڕێگای ماشێنی هێزی پشتیوانیی ڕێژیم مینیان داناوەتەوە و لە ئەنجامی تەقینەوەی ئەو مینەشدا، سەرجەم سەرنشینەکانی ئەو ماشێنە کوژراون یا بریندار بوونە.

لەو ڕاگەیندراوەی ڕێکخراوی جەیشولعەدلدا باس لەوە کراوە کە یەکێک لە هێزەکانی ئەو ڕێکخراوەیە بریندار بووە.

ڕێکخراوی جەیشولعەدل ڕێکخراوێکی مەزهەبی ـ نەتەوەییە و بۆ بەرگری لە مافەکانی نەتەوەی بەلووچ دژی ڕێژیمی ئێران خەباتی چەکداری دەکات.