کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی لاوەکیی مەجلیسی نوێنەران: ڕێژیمی تاران پاڵپشتی تێرۆریزمە

16:11 - 29 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: کۆمیتەی لاوەکی کاروباری دژ بە تێرۆریزم و زانیارییەکانی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا دانیشتنێکی تایبەتی بۆ ڕۆڵی ئێران لە تۆڕی جیهانی تێرۆریزم بەڕێوە برد.
ماڵپەڕی دەنگی ئامریکا بڵاوی کردەوە لەم دانیشتنەدا ئێمانۆئێل ئۆتۆلێنگی ئەندامی باڵای دامەزراوەی داکۆکی لە دێمۆکراسییەکان، مایکڵ پریجێنت لێکۆڵەری باڵای ناوەندیی بیریی هادسۆن، برایان کاتۆلیس ئەندامی باڵای ناوەندیی پێشکەوتنی ئامریکا و نادر ئەسکوویی سەر بە دامەزراوەی واشەنگتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نیزیک سەبارەت بە نەخشی ئێران لە تێرۆریزمی جیهانی قسەیان کردووە.

لەم دانیشتنەدا ئۆتۆلێنگی وتوویەتی: تۆڕە تێرۆریستییەکانی ئێران لە ئامریکای لاتیندا لەلایەن حیزبوڵاوە ڕێبەری دەکرێن کە کاریان ئەنجامدانی تێرۆر و بەڕێوەبردنی تاوانە؛ لەوانەش هێرش بردن، داڵدەدانی تێرۆریستە هەڵاتووەکان، دابین کردنی پێداویستییەکانی تێرۆر و کۆکردنەوەی یارمەتییە لۆژستیکی و ماڵییەکان.

وتوویشیەتی: دەوڵەتی ترامپ دەبی ئاگاداری ئەم چالاکییانە بێت کە ئێران لە ڕێگەی تێرۆریستەکانی حیزبوڵاوە ئەنجامی دەدات و بە گرتنەبەری ستراتێژییەکی ژیرانە پێش بە بەردەوامی ئەم چالاکییانە بگرێت.

مایکڵ پریجێنتیش وتوویەتی: قاسم سولەیمانی نەخشی ڕێبەری و ڕێنوێنی کردنی گرووپە تێرۆریستییەکان لە عێراق و سووریەی لە ئەستۆیە؛ بەبڕوای ناوبراو پێویستە بانکی ناوەندیی رێژیم و داراییە زۆر و زەوەندەکانی خامنەیی تەحریم بکرێن چوونکە سەرچاوەی سەرەکی ماڵی گرووپە تێرۆریستییەکانی عێراق و سووریەن.

هەروەها نادر ئەسکوویی وتوویەتی: ئێران هەڵگری گەورەترین گرووپی پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهانە.