کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێزاریی وڵاتانی عەرەبی لە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران

16:15 - 29 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی دەستێوەردانە ئاژاوەگێڕانەکانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی عەرەبیدا، ئەو وڵاتانەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێژیمی ئێران بە دەوری یەک کۆ بوونەوە.
تەنیا یەک ڕۆژ پاش کۆبوونەوەی هاوپەیمانەتی عەرەبی، دەوڵەتی عەرەبستانی سعوودی، مانۆوڕیکی هاوبەشی بە بەشداری زیاتر لە ٢٤ وڵات، لە قەراغی ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی خۆیدا بەڕێوە برد.

وتەبێژی سەربازیی عەرەبستان ڕایگەیاندووە: مەبەست لە بەڕێوەبردنی ئەو مانۆڕە، نیشاندانی هێز و ئیرادەی وڵاتانی عەرەبییە بۆ بەرگریی لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران.

لە دانیشتنی هاوپەیمانانی عەرەبیدا، مەلک سەلمان پاشای عەرەبستان، ڕەخنەی لە دەستێوەردانە ئاشکراکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاروباری وڵاتانی عەرەبیی ناوچە گرتبوو، هەروەها پێشتر تورکی مالکی وتەبێژی هاوپەیمانەتی عەرەبی، لە شەڕی یەمەن دژ بە حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، باسی لەوە کردبوو، کە کۆماری ئیسلامی ئێران مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەداتە حووسییەکان، کە ئەوەش پێشێلکردنی ئاشکرای بڕیارنامە نێونەتەوەیییەکانە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، هێزەکانی هاوپەیمانەتی عەرەبی لە یەمەن دوو پەهبادی دروستکراوی ڕێژیمی ئێرانیان لە ئاسمانی یەمەن خستە خوارەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی خاکەلێوەش فڕۆکەیەکی پەهبادی حووسییەکان، لە لایەن هاوپەیمانەتی عەرەبییەوە خراوەتە خوارەوە.