کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کیمیابارانی دوومای سووریە بە گازی کولورین و سارین بووە

16:21 - 29 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: ئامریکا زانیاری لەسەر بەکارهێنانی جۆری مادە کیمیایییەکان لە بۆردمانی دووما بەدەست هێناوە.

وزارەتی دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٧ی ئاوریلی ٢٠١٨ی زایینی، ڕایگەیاندووە، کە زانیاری وردیان بە دەست هێناوە، کە لە گازی کولورین و گازی سارین لە کیمیابارانی شاری دووما لە سووریە، کەڵک وەرگیراوە.

لە وڵامی کیمیابارانی دووما لە لایەن ڕێژیم ئەسەدەوە، ئامریکا، بریتانیا و فەڕانسه هێرشی مووشەکیان کردە سەر سووریە و بنکە نیزامییەکانی ئەو وڵاتەیان بۆردمان کرد، کە پاشکەوتخانەی ڕاگرتنی چەکوچۆڵی کیمیایی بوون و ئەو سێ وڵاتە لەو باوەڕەدان کە ڕێژیمی ئەسەد بە دژی خەڵک خۆی چەکی کیمیایی بەکار دێنێت.

دوای ئەو هێرشە مووشەکییە، چاوەدێرانی ڕێکخراوی پێشگرتن لە بەکارهێنانی چەکە کیمیاییەکان، چوونەتە سووریە و بۆ دەرخستنی ڕاستییەکانی هێرشی کیمیایی ڕیژیمی ئەسەد بە دوای بەڵگەی فەرمی دەگەڕن، کە هێشتا نەیانتوانیوە سەردانی شاری دووما بکەن.

ڕێژیمی سووریە و ڕووسیە ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەنەوە و لە بەرامبەر چاوەدێرانی ڕێکخراوی پێشگرتن لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە سوریە بەربەست دروست دەکەن و بۆ سەردانی شارە کیمیا‌بارانکراوەکان و بنکە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئەسەد ڕێگەیان لێ دەگرن.