کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێكی پارتی ئازادیی کوردستان - باکوور سەردانی حیزبی دێموکراتیان کرد

16:58 - 29 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: شاندێکی پارتی ئازادیی کوردستان - باکوور بە سەرپەرەستیی مستەفا ئۆزچەلیک، سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوە، شاندێكی پارتی ئازادیی کوردستان - باکوور، بە سەرپەرەستیی مستەفا ئۆزچەلیک سکرتێری گشتیی سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و لە لایەن شاندی حیزبی دێموکراتەوە بە سەرپەرەستیی مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات و ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەری بە گەرمی پێشوازیان لێ کرا.

سەرەتا ئۆزچەلیک ، پیرۆزبایی تەواوبوونی کۆنگرەی ۱٦هەمی حیزبی دێموکرات و هەڵبژاردنی بەڕێز لێپرسراوی گشتیی حیزبی کرد و وەک هەمیشە لەسەر پتەوکردنی پێوەندیی مێژوویی و دۆستانەیان لەگەڵ حیزبی دێموکرات پێی داگرتەوە و دەور و ڕۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرز نرخاند.

پاشان مستەفا هیجری، وێڕای سپاس بۆ پیرۆزبایی بەڕێزیان، سەبارەت بە دۆخی خراپی ڕێژیم لە بارەی گرانی، بێکاری، هاتنە خوارەوەی بەهای تمەن، ناڕەزایەتیی خەڵک، کەمتەرخەمیی ڕێژیم، سیاسەتی دەستێوەردانی لە ناوچە و دەوری ئاژاوەگێرانەی ئەو ڕێژیمە و ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی هێنایە بەرباس.

هەر لەو دانیشتنەدا لەسەر ڕەوشی کورد لە باکووری کوردستان، پارچەکانیتری کوردستان و ئاستەنگ و کێشەکانی بەردەم دۆزی کورد ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا.