کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جینایەتی جاشێک لە دیواندەرە

17:57 - 29 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە شاری دیواندەرە کەسێکی سەر بە ڕێژیم ٤ کەسی بنەماڵەیەکی کووشت و کەسێکی دیکەشی بریندار کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر ٦ کەسێک بەناوی رەسوڵ فکرەت کە یەکێک لە جاش پاسدارەکانی ڕێژیمە بە چەکی سپای پاسدارانەوە هێرش دەکاتە سەر ماڵی خەزوورەی و وێڕای کووشتنی خەسو و خەزوور و خێزانەکەی، دوو منداڵی دیکەی خەزورەی بەتوندی بریندار دەکا کە یەکێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.

بەپێی دوایین زانیارییەکان ماوەیەک لەمەوبەر خێزانی بکوژەکە بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە لە ناوبراو جودا دەبیتەوە و دەچێتەوە ماڵی باوکی؛ ئەمڕۆ کاتژمێر ٦ی بەیانی رەسوڵ فکرەت ئەم جینایەتە دەخوڵقینێ و دوای ئەنجامدانی ئەو کردەوەیە شوێنەکە بەجێدەهێڵێ و ڕا دەکا کە هێشتا دەستگیر نەکراوە.

ناوی کوژراوەکان بریتییە لە: حەمەسەلیم خەزورەی، تەلێعە خەسوی، پرشنگ ٣٠ ساڵە خێزانی و نینا ١٠ ساڵان کچی خەزوورەی؛ هەروەها یەکێک لە قوربانیانی ئەم رووداوە بە ناوی ئەدرینا تەمەن ٥ ساڵ هەنووکە لە نەخۆشخانەی دیواندەرە لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.

بەپێی زانیارییەکان ئەم بنەماڵەیە پێشتر لەلەیان بکووژەکەوە هەڕەشەی کووشتنیان لێکرابوو و ئەوانیش سکاڵایان لەدژی تۆمار کردبوو بەڵام بەهۆی بەدوادانەچوونی لایەنە پێوەندیدارەکان ئەم پاسدارە دەستڕۆیشتووەی ڕێژیم کەڵکی لە چەکەکەی سپا کە لەجۆری کڵاشینکۆف بووە وەرگرت و ئەم کارەساتەی خوڵقاند.