کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامارە ناڕاستەکانی بێکاری لە کوردستاندا

22:32 - 29 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری شاری سنە لە مەجلیسی ڕێژیم، ئاماری ڕاستەقینەی بێکاری لە پارێزگای سنەی زۆر بەرزتر لەو ئامارانەی ڕاگەیاند، کە لە لایەن ناوەندەکانی ڕێژیمەوە بڵاو دەکرێتەوە.

سەید ئەحسەن عەلەوی، نوێنەری شاری سنە لە مەجلیسی ڕێژیم، لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ هەواڵدەریی سەر بە ڕێژیم تەسنیم لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی پەرەسەندنی دیاردەی بێکاری، ڕێژەی ئەم دیاردەیە لە کوردستاندا زۆر بەرزتر لە ناوچەکانی تری ئێرانی ڕاگەیاند.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە نەبوونی پیشەسازی و کانگاکان لەم پارێزگایە و داخران و چالاک نەبوونی کارگەکان، بارودۆخی کاری نالەبار ڕاگەیاند؛ هەروەها لە بارەی کێشەکانی کشتوکاڵ و چوونەسەرەوەی ڕێژەی کۆچکردن لە گوندەکانەوە بۆ شارەکان و بەرزبوونەوەی پەراوێزخستن بە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بێکاری پێناسە کرد.

ئەم نوێنەرەی ڕایگەیاند: ئاماری ڕاستەقینەی بێکاری لە شاری سنە، زیاتر لە ٤٠%ـە، کە ئێمە دەستفرۆشەکان و بەناو کارەکان بە کار ناژمێرین، ڕاگەیاندنی ئەم ئامارە لە کاتێکدایە کە ڕێژەی بێکاری لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە لە پارێزگای سنە بە ١٢/١، ڕاگەیەندراوە.

لە ڕاستیدا ئەم قسانەی ئەحسەن عەلەوی و باسکردنی ئەم ئامارە لە لایەن ناوبراوەوە، وەدرۆ خستنەوەی ئامارە ڕاگەیندراوەکان ڕێژیم و دەرخەری ئەوەیە کە دۆخی ئابووری لە کوردستاندا ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت.