کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی خەڵکی چوارمەحاڵ و بەختیاری

22:35 - 29 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: زیاتر له دوو هەزار کەس له شاری سامان، به دژی گواستنەوەی سەرچاوەی ئاوی زایەندەڕوود، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ڕێک خست.

کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ هەتاوی، زیاتر له ٢٠٠٠ کەس لە خەڵکی شارەکانی سامان و شاری‌کورد و هەروەها شارەکانی دیکەی سەر بە پارێزگای چوارمەحاڵ، دژ به گواستنەوەی ئاوی ئەم پارێزگایه لە شاری سامان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ڕێک خست.

زۆرینەی ڕووبارەکانی ئێران وەکوو زایەندەڕوود و کاروون، له چوارمەحاڵەوە سەرچاوە دەگرن، که بەپێی نزمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین لە ساڵانی ڕابردوودا، جێبەجێ کردنی گەڵاڵەکانی گواستنەوەی ئاو لەم پارێزگایەوە بۆ پارێزگاکانی ئیسفەهان و یەزد، دژایەتی خەڵکی ئەم پارێزگایەی بەدواوە بووە.

خەڵکی چوارمەحاڵ به وتنەوەی دروشمەکانی ئێرە چوارمەحاڵە، بردنی ئاو مەحاڵە، پارێزگای ئێمە سەرچاوەیە، بەڵام هەمیشه تینوویه، له لای ئاو دانیشتووین، بەڵام تینووی تینووین و ئێمه که پیشه‌سازیمان نییه، لە کوێوە نان بێنین، دژایەتی خۆیان بەرانبەر به گەڵاڵەی گواستنەوەی ئەم ئاوە دەربڕیوە.

شایانی باسه، که لە ساڵانی ڕابردووشدا، هەزاران کەس لە خەڵکی شارەکانی ئەم پارێزگایه به دژی گواستنەوەی ئاوی زایەندەڕوود کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ڕێک خستووە.